ڕاهێڵ

1. رایەڵ، رایێڵ، شۆڕکردنەوە؛ 2. تانوپۆی تەون.

وانان

وانەگوتنەوە، دەرس گوتنەوە.

ئۆشین

گیایه‌کی گه‌ڵاورده‌ که‌ ئاژه‌ڵ نایخوا.

فەرات

1. فرەهات؛ فورات، فرات؛ 2. تیژڕۆ؛ 3. چۆمی پڕئاو؛ 4. ئاوی شیرین و پاک بۆ خواردنەوە؛ 5. چۆمێکە لە دوو کەرت پێک دێ، کەرتێکیان چەمی قەرەسووە، کە لە (دوملوتەپە) ی باکووری ئەرزەڕۆم لە کوردستانی باکوور‌ سەرچاوە دەگرێ و 640 کیلۆمیتر درێژایی یە و سەرچاوەی کەرتەکەی تری کە پێیدەڵێن: چۆمی موراد و قەرەسوو، لە باکووری رۆژاوای شاری ئەلازیک، لە کوردستانی باکوور‌ سەرچاوە دەگرێ و هەموویان وێک دەکەونەوە و چۆمی فورات پێک دێنن، کە 647 کیلۆمیتری دیکەش بە کوردستاندا دەڕوا. فورات و دیجلە لە نزیک شاری بەسرەوە تێکەڵ دەبنەوە و دەبن بە یەکاوی عارەبان (شطٌ العَرب)، کە دەڕژێنە کەنداو (خلیج) ی فارسەوە.

بالیان

1. نێوی هۆزێکی کوردە لەلای شاری (خۆی)؛ 2. هەروەها ناوچەیەکی کوردنشینی سەر بە (مووسڵ) ە، لە باشووری کوردستان.

ئاکرێ

نێوی شارێکە لە بادینان لە باشووری کوردستان؛ نێوی (ئاکرێ)، لە وشەی (ئاگریی) کەوتۆتەوە، بەڵام عەرەب هەر دوو وشەکە بە (عقرە) نێودێر دەکا! وەک چۆن بە ئاکرێ دەڵێن (عقرە) و بە (ئاگریگۆف)ی ناوچەی دیالەش کە لە کۆندا کوردنشین بووە و دوایی کوردەکەیان لێ دەرکردووە و عەرەبیان هێناوەتە جێگایان و دەڵێن: (عقرە کوف!)، نێوی شاری (بەعقووبه)‌ش، بە وتەی مامۆستا جەمال نەبەز، وشەیێکی کۆنی کوردییە و باگۆڤەیە، بەڵام عەرەبەکان بە (بعقوبە) زاربێژی دەکەن. بڕوانە ئاگریی لە بەشی کوڕان.

تەکین

1. دوورکەوتنەوە و کشانەوە؛ 2. کێوێکە لە باکووری کوردستان.

نەونیگا

نیگای تازە، نیگای عاشقانە. بڕوانە بۆ نەوزەڕ.

ڕووبەخاڵ

خاڵ لەڕوو، کەسێک کە خاڵی بە روومەتەوە بێ.

ئەژدەهاک

1. نێوی کێوێکە لە ناوچەی هەورامان لە پشت گوندی دزڵییەوە، له ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 2. نێوی کێوێکە لە ناوچەی سلێمانی نزیک بە سوورداش لە کوردستانی باشوور؛ 3. ئاستیاگ، ئازیدهاک، ئەژدەها، زەها، هەژدیها، حەزیا، ماری گەورەی ناو چیرۆکان، حەفی؛ 4. لە راستیدا، ئەژدەهاک یان ئاژدەهاک لە دوو وشەی (ئاژ و دەهاک) پێکهاتووە کە (ئاژ) واتە: ئاغا، زۆردار، سەرۆک و (دەهاک)یش واتە: شوێن یان جێگە و مێنگەی تیرە و هۆز. بڕوانە: دەهاک لە بەشی کوڕان. بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیەی کە لە ناو کورددا دەمێکە بڵاوە و دەڵێن: ئەژدەهاک حاکمێکی زاڵم و خوێنڕێژ بووە و چی و چی... (ئەحمەد شاملوو) شاعیری پایەبەرزی فارس دەڵێ: ئەژدەهاک (زوحاک) پاشایەکی عادڵ و خێرانکار بووە کە زەوینەداگیرکراوەکانی بە سەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازدا دابەشیوە و زۆر کاری دیکەی لەم بابەتانە بەڵام بە دەستی (شاوان بێمێشک) ێک بە نێوی (کاوە) لە دەسەڵات کەوتووە و (فەرەیدوون)ی لە جێگەی داناوە و پاشایەتی هاتۆتە گۆڕێ! هێرۆدۆت دەڵێ: ئاستیاز یان ئازیدهاک، یەکێ لە پاشاکانی ماد بووە و 33 ساڵ پاشایەتی کردووە. بڕوانە بۆ وشەگەلی (ماد) و (نەورۆز).

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!