ڕازێ

چیرۆک، داستان.

هێشوو

1. هێشووی ترێ، هۆشەی هەنگوور؛ 2. گوڵی دەخڵ.

فادل

1. فادل و فادیلە و هەندێ نێوی لە گوێن ئەمانە هەیە کە لە باکووری کوردستان بەکار دێ و بڕێکیان سەیر و سەمەرەن و بێواتان؛ دوور نییە فادل و فادیلەش لە نێوی فاتم کەوتبێتنەوە؛ 2. فادیلە سەر بەندی گۆرانییەکەی کوردییە.

ئەرژەنگ

ئەردەنگ، ئەرجەنگ، نێوی کۆپەڕەکەی مانیی پەیامبەری کوردە کە هەموو جۆرە نەخش و نیگارێکی تێدا هەبووە و بەو بۆنەوە بانگەشەی پەیامبەریی کردووە، هەرشتێکیش کە خاوەنی نەخش و نیگاری جووان بووبێ بەم کۆپەڕەیان وێنواندووە؛ دەڵێن مانیی لەم کۆپەڕەدا بۆ نیشاندانی بیروباوەڕی خۆی لەمەڕ رەوتی خولقاندن و گەردوون، وێنە و نیگارگەلێکی کێشاوە کە تێگەییشتنی ئەو بۆ لایەنگرەکانی هاسان بێ. ئەرژەنگ لە (شانامەی فردۆسی)دا نێوی دێوێک لە سەردارانی دێوی سپی و نێوی پاڵەوانێکی توورانیی بووە.

بارش

1. داڕژانی بەفر باران یا تەرزە؛ 2. وارش، شووره، دیواری باخ.

بەرکان

نێوی هۆزێکی کوردە لە کوردستان.

ڤارۆ

چیایەکە لە ناوچەی دەرسیم لە کوردستانی باکوور‌.

لاوێن

1. نەرم و قاییم؛ 2. چڵەبی ناسک بە (ریشە) وە، نەمامی بی؛ 3. ساوا، کۆرپە؛ 4. دڵداریدەر؛ 5. جۆرێک شووڵە، لە قەراخ چەم دەڕوێ و پێیدەڵێن: سوورەبی، سەوەتە و تەفت و سۆقاتیی لێ درووست دەکەن، ئەگەر بیچەمێنیتەوە ناشکێ؛ 6. لە ئەدەبیاتی کوردیدا لاوێن سەرچاوە و ڕەمزی نەرمیی و ناسکیی و جووانیی و بەرگەگرتنە؛ 7. نێوی گەردەنەیەکە لە نێوان سنە و کرماشان؛ 8. نێوی چۆمێکە کە لە قەندیلەوە سەرچاوە دەگرێ و تێکەڵ بە زێ دەبێ؛ 9. گوندێکە لە ناوچەی لاجان لەلای پیرانشار؛ 10. تیرەیەکی کوردن کە جاران لە شارەزوور ژیاون؛ (ابن خَلدون) لە (تاریخ بَربَر) دا دەنووسێ تیرەیەکی کوردن کە لە (ئەلجەزایر) دەژین؛ (شێخ موحەممەد مەردۆخ) یش لە (مێژووی کورد و کوردستان) دا نووسیویەتی لەوانەیە ئەم تیرەیە لە کاتی هێرشی مەغۆلەکاندا بۆ سەر کوردستان کۆچ درابێتن.

شابەز

سەرۆکی بازرگانان، گەورەبازرگانی شار.

ڕەواز

1. رێباز، رێگای هاتوچۆی خەڵک؛ 2. رێزەبەردی سەر ملەی کێو.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!