پاوان

پەلەخ، کۆدە، ئەو پارچە باخ یان مەزرایەی کە چوار دەوری بە تەیمان دەگرن بۆ ئەوەی مەڕ و ماڵات نەچێتە تێوەی، لەوەڕی قەدەخەکراو، باخ یان زەوینی قۆرخکراو.

فەیلی

چەند تیرەن لە کورد کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئیلامن، بەڵام نزیکەی 400 ساڵ دەبێ کە لە بەغدا دەژین و لەبەر نەبوونی کار و باری ئابووری لە ئێران چوونەتە ئەوێ؛ هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە فەیلی واتە: فێئەت عەلی واتە: پەێڕەوانی حەزرەتی عەلی و زاراوە گۆڕیویەتی؛ دیتنێکی دیکەش هەیە کە دەڵێن: لە بەغدا بە کرێکاری کوردیان گوتووە: پاڵە و فەلە و وشەی فەیلی لەبەر ئەو هۆیە بە سەر فەیلییەکاندا دابڕاوە؛ بەڵام گرنگتر لە هەمووی ئەمانە، فەیلی واتە ئەو کوردانەی کە بە زاراوەی کەڵوڕی یان پالەوی قسە دەکەن و وشەی پالەوی عەرەب کردوویەتی بە فەهلەوی و بەو تیرەیەشیان گوتووە فەیلی و ئەو نێوەیان بەسەردا بڕاوە؛ فەیلییەکان لەبەرئەوەی کە شیعەن، سەددام حسێن، بە تاوانی شیعەبوون، زڵمی زۆری لێکردوون و هەتا ئێستا بە هەزارنیان لێ کوژراوە و هەڵداژراونەتەوە بۆ ئێران. بڕوانە بۆ پاڵەوان.

پیرس

چیایەکە لەلای (بێرات و کەپرۆک) لە ناوچەی زێبار، لە باشووری کوردستان.

گوڵەندام

1. لەشولار جووان وێنەی گوڵ؛ 2. تەڕپۆش و ڕێکوپێک.

ئامراز

کەرستە و ئەسپابی کار.

بەزێ

1. بەڕەوشت، بەئاکار؛ 2. بەپلە و پایە. (ئینسانێکی بەڕێز و بەزێیە).

ڕۆژنە

رۆچنە، ئەو کون و کەلەبەرانەی خانوو کە رووناکی هەتاوی لێوە دێتە ژوورێ.

ڤەرێژ

ناوەڕۆکی کۆپەڕ و نووسراو.

بەژی

دەخڵی دێم، داهاتی دێمەکار.

پووڵەکە

1. جەستەیەکی خڕ و تەنکی ناوەڕاستکون و بریسکەدارە کە ژنان بۆ جوانیی بە جلوبەرگی وەکوو: کراس و کەوا و سوخمەدا هەڵیدەدروون؛ 2. هەروەسا جەستەیەکی تەنک و خڕە بەسەر پشتی ماسییەوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!