سەرمەد

1. هەمیشە؛ 2. پەیتاپەیتا؛ 3. زیندوو.

نەرمین

نەرم و نۆڵ، نەرم و جووان.

چەمانە

سوراحی، پیاڵه‌ی شه‌راو.

شارۆ

1. پاشەرۆک، چنینەوەی دانەوێڵەی پاش درەو؛ 2. چنینەوەی دوایین بەری ترێی پاش تەواوبوون لە باخ؛ 3. کۆکردنەوەی گەنمی دووراو لە سەر جێخەرمان؛ 4. سەوەچن، سەوەتەچن.

چروسک

ڕووناکی، درەوشانەوە، بریقە

کڵاولار

1. ئەو ژنانەی کە سەرولای کوردی دەبەستنەوە؛ 2. ئاماژە بە کچ یان ژنی جوان و چەلەنگ.

ڕێشکاو

وەهم و خەیاڵ.

زاگرۆس

1. جێگای سەرهەڵدانی زکرتییەکان، شوێنەمێنگەی زکرتییەکان؛ 2. زکرتییەکان تیرەیەکی کۆنی کوردن کە بە یۆنانیی پێیان گوتراوە: (زاگرتی یان ساگرتی؛ ساگارت، ساگارتی؛ زاگرتی، زاگرۆس)؛ 3. زاکرۆس یان زاگرۆس، داگری زنجیرەیەک چیایە کە لە ئەرمەنستان و ئازەرباییجانەوە دەست پێدەکا و بە ناو زۆر دۆڵ و چیای کوردستاندا دێتە خوارێ و لە شیراز تەواو دەبێ. درێژایی زاگرۆس لە کوردستان 1000 کیلۆمیترە و بەرزاییشی لە وشترانکێو دەبێتە 4700 میتر.

ساڕێژ

پڕبوونەوەی برین و چابوونەوەی، برینێک کە گۆشتەوزوونی هێنابێتەوە و چا بووبێتەوە.

گۆتۆ

گۆتی، گۆسی، گۆسان، نێوی کۆنی تیرەیەکی کوردە کە 2649 ساڵ بەر لە زایین، وڵاتی سۆمەر و ئەکەدیشیان داگیر کرد و ئەم دەسە‌ڵاتەیان 125 ساڵ و 40 رۆژ درێژەی کێشا. دوایە وشەی گۆتی بە تێپەڕبوونی زەمان بووە بە کۆتی و کورتی و کاردخۆی و کوردخۆی. ئەم تیرەیە لە کێوەکانی زاگرۆسدا ژیاون. (ئێسترابوون) ی یۆنانیی لە باسی (ئاترۆپات) یان (ماد) ەکاندا بە کورتەکان نێوی بردوون. گەزەنفۆنیش لە گەڕانەوەی دەهەزار کەسەکەیدا لە (401) ی بەر لە زایین، لە چیاکانی زاکرۆس تووشیان هاتووە و بە دەستی هەر ئەو کاردۆخییانە زەبری کاریی وە لەشکرەکەی کەوتووە و لە (ئاناباز) یان (گەڕانەوە) دا باسی کردووە و لە فەرانسەیی یەوە کراوە بە کوردی. ئەم نێوە وەک لەسەرەوە باسم کرد، نێوی کۆنی کوردە کە عەرەب کردوویەتی بە جوودی و جوودیش کێوێکە لە کوردستان لە ناوچەی بادینان کە لە پشت نوسێبینەوە دادەکشێ بۆ لای زاخۆ و لە قورعان و لە ئینجیلیشدا هاتووە بۆ ئەوەی کە دەڵێن: پاپۆڕەکەی نۆح لە کاتی لافاوەکەدا، لە سەر ئەم کێوە نیشتۆتەوە. بڕوانە: گۆسان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!