دابەن
نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.
مێدیا
1. ماد، مەدیا، میدیا، نێوی دەوڵەتی مادەکان بووە؛ 2. ئەو شوێنەی کە مادەکانی لێ ژیاون؛ (میدی) یەکان لە رەگەزی هێند و ئورووپی بوونە و لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین، لە رۆژهەڵاتی زەلیای کاسپین یان قەزوێنەوە چوونەتە رۆژاوای باکووری کێوەکانی ئێران واتە وڵاتی (میدیا) و وردەوردە دەسەڵاتیان بە سەر دراوسێکانیشیاندا پەیدا کردووە و لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، حوکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندووە و نەتەوەی پارسیشیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و شاری هەگمتەنا یان هەکمتان، هەمەدان) ی ئێستایان کردووە بە پایتەخت، بەڵام ساڵی 550ی بەر لە زایین بە دەست کوورشی هەخامەنشی بەزیون و لە دەسەڵات کەوتوون. وشەی ماد دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە (مای) و پاشان عەرەب کردوویەت بە (ماه)، بۆ میناک بە دینەوەریان گوتووە: ماه بەسرە و بە نەهاوەندیش: ماه کووفە! بڕوانه بۆ وشەی ماد.
ئەستێ
بەردی ئەستێ، ئەستێ و قاو، بەردەچەخماخ.
لێزگە
1. ملەموورگ، متوموورووی بە (داو) ەوە کراو؛ 2. پەناگا.
فەرمین
فەرموون، گوتن، وتن.
کریسکان
کۆی وشەی کریسکە بە واتای 1. پزیسکی ئاگر؛ 2. کانەئاگر؛ 3. گڕکان.
قارا
1. ئارام و ئۆقرە؛ 2. وشەی دووهەمی وشەدووانەی (ئارا و قارا) یە، وەکوو: ئارا و قارای نەما.
گوڵیار
گلیار، شکۆفەی هەنار، خونچەی دارهەنار.
ڕازیانە
1. گیایەکە بۆ دەرمان؛ لە کوردەواریدا دەڵێن: رازیانە بۆ دڵێشە باشە. دڵێشە مەبەست لە ئاشک، گەدە (میعدە) یە. دەستەواژەیەک هەیە دەڵێ: (پڕ ماڵیان بوو لە رازیانە کەچی خوەی بە دڵێشە مرد)؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.
قەیتەران
1. گیایەکە دەرمانە بۆ گورچیلە و گەروو؛ 2. نێوی پاڵەوانی چیرۆکی (قارەمان و قەیتەران) ە.