هەزبان
نێوی گەورەهۆزێکی کوردە کە هەڵداژرابوونە ئازەرباییجان و ئەرمەنستان. لە هۆزی هەزبان، جەعفەر هەزبانی لە سەرەتای ساڵی 320 ی کۆچی دژ بە دەسەڵاتدارەتی عەباسیی راپەڕی. لەم جەعفەر هەزبانییە پارچە شیعرێک لەسەر زوڵموزۆری عەرەب بە جێماوە کە بە داخەوە دەس نەکەوت کە لێرەدا چاپی بکەم.
ئاروەن
کرداری باش، هەڵسوکەوتی چاک. بڕوانە وشەی ئار.
ساتی
کاتی، کارێک کە لە کاتێکی دایکرودا ئەنجام بدرێ و دوایی هەڵوەشێنرێتەوە.
کەنی
کنا، کچ؛ کەنی و کنا دوو وشەی هەورامین، ژنان کاتێک پێکەوە قسە دەکەن، بە تایبەت لە ناوچەی سنە، ئەگەر یەکێکیان قسەکەی ئەوی دیکەی لا سەیر بێ، دەڵێ: دا بەسیەتی کەنی، یان بەسیەتی کنا! واتە بەسیەتی کچێ!
ئەستیلان
کەڵەمشتێ، کەڵەمستێن، پشکیلان، گەمەیەکی دوو دەستەیی یە کە لایەک شتێک لە دەست یان باخەڵی یەکێک دەنێ، ئەو لاکەی دیکە بیبینێتەوە، دەیباتەوە.
بانا
ئوڵفەت بەستن بە یەکێکی دیکە، هۆگر بوون.
باسێ
1. نێوی ئەشکەوتێکە لە ناوچەی بینگۆڵ؛ 2. کانیێکە لە ناوچەی مەریوان بەرەو رێگای بانە.
مەشان
نێوی یەکەم ژنێکە کە لە بەشی 2ی لاپەرەی 44ی یەشتەکانی زەڕدەشتدا نێوی هاتووه: ئەهوورا، یەکەم مرۆڤی ئافڕاند کە نێوی کەیۆمەرس بوو، ئەو ماوەی سی ساڵ بە تەنیا لە چیاکان ژیانی تێپەڕ کرد، لە کاتی مردندا لە پشتی ئەو تۆوێک هاتە دەر، کە بە هۆی گزنگی هەتاو پاڵاوترا و لە ناو خاکدا پاراسترا، دوای چل ساڵ لەو تۆوە گیایەک بە شێوەی دوو ڕێواسی لێکهاڵاو لە مانگی مێر و ڕۆژی مێر (کاتی جێژنی مێرەگان) لە زەوی سەری هەڵدا و لەپاشان لە شێوەی گیایی هاتنەدەر و شێوەی مرۆڤیان بە خۆوە گرت کە لە باڵا و ڕوخساردا مینای یەک بوون، یەکیان نێر بە نێوی مەشیە و ئەوی تریان مێ بە نێوی مەشیانە کە دوای پەنجا ساڵ ئەو دووانە پێکەوە زەماوەندیان کرد. دواقی نۆ مانگان جووتێک نێر و می لەوان بوون کە لەم جووتەش حەوت و کوڕ و کج پەیدا بوون، کە نێوی یەکەم کچیان نرا (مەشان).
بەرزێ
1. باڵابەرز، بەژنوباڵاجووان؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە بە زاراوەی کرمانجی.
زیوان
زیڤان، بزاڤ، جمین، جووڵە، بزووتن.