بندین

تەختی چۆم و رۆبار، بنی چەم، کەفی رۆخانە.

خازر

1. چۆمی خوڕ؛ 2. چۆمێکه‌ له‌ کوردستان.

ئادا

1. ئه‌دا، وشه‌یه‌کی هه‌ورامییه‌، واته‌: دایک؛ 2. گه‌وره‌؛ 3. به‌خشێنه‌ر.

بزۆک

1. دژی نەزۆک، زیرەک و پڕجووڵە؛ 2. هەڵبەز و دابەز؛ 3. زۆر بەزکوزا؛ 4. تەمبوور، ئامێرێکی مۆسیقایی یە لە شێوەی ساز و سازدیوان کە پەردەکانی لەگەڵ ساز هەندێ جیاوازە و یۆنانییەکان پێدەڵێن: بزوق؛ تورکی تورکیە ئامێری (ساز) و (سازدیوان) یان لە رووی (تەنبوور) کە سازێکی کۆنی کوردییە و هی ئەلحەقەکان و ئیزەدییەکانە، درووست کردووە. 5. تەنبوور یان تەنبوورە، لە دوو وشەی یۆنانیی پێک هاتووە: (تەن و بوورە) کە (تەن) واتە: دڵ و (بوورە)ش واتە: هەڵکڕێن، یان بریندارکردن کە پێکەوە واتای تەنبوور دەبێتە: دڵکڕێن، یان دڵکزێن؛ 6. بە واتایەکی دیکەش مانا دەکرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە (تەمب یان تەنب) دەبێتە رشتە و (وور) بە واتای خاوەن دێت، واتا: رشتەدار؛ 7. بەڵام لە راستیدا کە تەمبوور سازێکی کوردییە، لە دوو وشەی (تار و موور) کوردیی پێک هاتووە کە واتای تاری شیوەنکردن دەدا و یارسانەکان و ئیزەدییەکانیش لە کاتی نیایش و ستایشی ئایینیی و شیوەنکردندا بە کاری دەبەن و ئەم وشەیە بە راستییەوە نزیکترە و نێوەکەی گۆڕانی بە سەردا هاتووە و بۆتە: تەمبوور یان تەموورە. ئەردەشێری پاپەکان یەکێ لە باشترین تەموورەژەنەکانی سەردەمی خۆی بووە کە لە کارنامەکەیدا بەم چەشنە ئاماژەی پێ کراوە: پاش هێرشی ئەسکەندەری مەقدوونی و هەڵپێچانی پاشایەتی هەخامەنشییەکان لە سەرانسەری ئێران، 240 کوێخا ئێرانیان بەڕێوە دەبرد. ئەردەوان کوێخا و حوکمڕانی سەرزەوینی پارس بوو. نێوبانگی ئەردەشێر بە گوێی ئەردەوان گەییشت و بانگهێشتنی کرد بۆ وڵاتی پارس و سەردەمێک میوانداریی ئەردەشێری کرد. رۆژێک ئەردەشێر لە شکارگاکەی ئەردەواندا ئازایانە گۆڕێکی پێکا و کوشتی. خەڵک ئاگادار بوون کە کێ پێکاویەتی. ئەردەوان گوتی من پێکاومە و ئەردەشێریش لەم درۆیەی ئەو تووڕە بوو و لەگەڵ ئەردەوان بە شەڕ هات. ئەردەوان ئەردەشێری لە گەوڕدا زیندانیی کرد. ئەردەشێریش کات و ساتی خۆی لە زینداندا بە تەموورەلێدان و گۆرانیچڕین تێدەپەڕاند، بەڵام دوای ماوەیەک بە یارمەتی یەکێ لە دەسیارەکانی ئەردەوان لە زیندان هەڵات و پاش ماوەیەک دەسەڵاتی ناوەندیی و بەهێزی ساسانییەکانی پێک هێنا. نێوی باوکی ئەردەشێر ساسان و نێوی باوکی دایکیشی پاپەک بووە. هەروەها لە کارنامەکی ئەردەشێری پاپەکاندا هاتووە کە نێوی کوردستانی ئێستا لەو سەردەمەدا (میدیا) بووە و نێوی یەکێ لە پاشاکانی میدیا کورتان شا یا کوردان شا بووە کە لەگەڵ ئەردەشێر بە شەڕ هاتووە. لە فەرهەنگنامەکەی (دێهخودا)دا هاتووە کە: سازێکی دیکە لە ئێراندا بە نێوی تەنبوور هەیە کە مێژینەیێکی کۆنی هەیە, ئەم سازە دوو سیم یان تەلی هەیە و بە دەستی راست دەژەندرێ و ئێستا لە کوردستاندا باوە, بە پێچەوانەی عوود کە دەسکێکی لاری هەیە، دەسکی تەنبوور راست و بەرزە و وەکوو تار پەردەبەندیی دەکرێ، بەڵام، پەردەکانی ئەم کەمە. لە فەرهەنگنامەی (موعین)یشدا لانیکەم هەر وا باس کراوە. لە کۆندا نێوی دوو تەموورە بەنێوبانگ بووە: یەکێکیان تەموورەی خوراسانیی و ئەوی دیکەشیان تەمووری بەغدادی کە هەر دووکیان لە کوردستاندا باون و لەوێ دەهەڤۆترێن. لە فەرهەنگنامەی عەرەبیشدا باسی کراوە، بەڵام چونکە کورد بێخاوەنە، لەسەر نێوی داگیرکەرەکەی تۆمار کراوە. لە کۆپەڕان و لە ناو نەتەوەکانی دیکەی دنیادا تەموورە زیاتر لە 20 نێوی هەیە.

لاسار

1. گوێنەبیس و سەرەڕۆ؛ 2. هاروهاژ و گوێنەدەر؛ 3. سەرسەخت.

خەلان

1. کۆی وشەی (خەل) ە، بەواتای سەنگەران؛ 2. کۆزی ئاژەڵان لە دەشت؛ 3. نێوی دوو گوندن لە (باڵەکایەتی) لە باشووری کوردستان؛ 4. شکانی پێشەی دەست و قاچ.

باوەز

1. کاتی هەڵکردنی با؛ 2. پووش و پەڵاش یان شتێک کە با بیهێنێ.

ئاکرێ

نێوی شارێکە لە بادینان لە باشووری کوردستان؛ نێوی (ئاکرێ)، لە وشەی (ئاگریی) کەوتۆتەوە، بەڵام عەرەب هەر دوو وشەکە بە (عقرە) نێودێر دەکا! وەک چۆن بە ئاکرێ دەڵێن (عقرە) و بە (ئاگریگۆف)ی ناوچەی دیالەش کە لە کۆندا کوردنشین بووە و دوایی کوردەکەیان لێ دەرکردووە و عەرەبیان هێناوەتە جێگایان و دەڵێن: (عقرە کوف!)، نێوی شاری (بەعقووبه)‌ش، بە وتەی مامۆستا جەمال نەبەز، وشەیێکی کۆنی کوردییە و باگۆڤەیە، بەڵام عەرەبەکان بە (بعقوبە) زاربێژی دەکەن. بڕوانە ئاگریی لە بەشی کوڕان.

ئاویار

ئاودەر، ئاودێر، کەسێک کە ئاوی زەوی و زار دەدا.

زێوەرکۆ

نێوی گوندێک بووە لە ناوچەی کووت لە باشووری کوردستان که خەڵکەکەی هەڵداژراونەتە شوێنانی دیکە و عەرەبیان هێناوەتە جێگایان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!