بوویەر

1. رابردوو؛ 2. رووداو.

ئەختان

1. کۆی وشەی (ئەخت)ە، بە واتای هەوڵ و تێکۆشان، وەکوو هەرچی ئەخت و چارم کرد، نەهات؛ 2. هەل، دەرفەت.

گوڵبۆ

1. بۆن وەک گوڵ؛ 2. ژن یان کچی خاوێن و تەڕپۆش.

مەزن

1. سەرۆک؛ 2. گەورە. وەکوو: (چیای مەزن)، (خودای مەزن)

بناو

1. نوقمی ئاو، ژێر ئاو؛ 2. بناوی، دارێکی بێبەرە لە قەراخ ئاو و رۆباران دەڕوێ.

ڕوباب

رەباب، جۆرێک ئامێری مۆسیقایە لە شێوەی تار، کە کاسەکەی بچووکترە، روباب دوو تەلی هەیە و بە کەوانە یان ئارشە دەهەڤۆترێ و یەکێ لە کۆنەسازەکانی ئێرانی سەردەمی ساسانییەکانە.

شەودێر

ئاودێری شەو.

فەرزێ

1. لە وشەی فەرز کەوتۆتەوە، ئەو شتانەی کە واجبن ئەنجام بدرێن؛ 2. وادانان. (وای دادەنێم نەیێت و بڕوا)، یان (بە فەرزێ واش بێ)، (گیرام وەڵامیشی نەدامەوە)؛ 3. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

ژووژان

وەگوڕهاتن، بووژانەوە.

ئاڤێستا

ئاڤێستا له‌ دوو وشه‌ی (ئاڤێست) و (تاک) پێکهاتووه‌. ئاڤێس واته‌: 1. بنه‌ما و بنه‌ڕه‌ت. 2. به‌خشین و پاداش؛ (تاک)یش واته‌: تاک و بێهاوتا. ئاڤیستاک، ئاپاستاک، ئاوێستا، نێوی کۆپه‌ڕی پیرۆزی زه‌ڕده‌شتی په‌یامبه‌ره‌، که‌ داگری پێنج به‌شه‌: 1. یه‌سنا؛ 2. وه‌یسپرد؛ 3. وه‌ندیداد؛ 4. یه‌شته‌کان؛ 5. ورده‌ئاوێستا. یه‌سنا، کۆمه‌ڵێک ئه‌رکی ئایینییه‌، که‌ به‌شێکی داگری (گات)ه‌کانه‌ واته‌: سرووده‌ ئایینییه‌کانی زه‌ڕده‌شت؛ ویسپرد له‌باره‌ی داب و کردار و عیباده‌ته‌وه‌ نووسراوه‌؛ وه‌ندیداد، له‌باره‌ی سه‌رهه‌دانی جیهانه‌وه‌ دانراوه‌؛ سروودی گاتاکان، زه‌ڕده‌شت بۆ خۆی نووسیویانی و به‌شه‌کانی دیکه‌ش نووسه‌رانی ئاوێستایی دایانناون. وه‌کوو: یه‌شته‌کان که‌ باسی سروشت ده‌که‌ن، بۆ نموونه‌: هه‌تاو، مانگ، ئاگر، ئاو و هێزه‌ نه‌ناسراوه‌کانی سروشت.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!