وەنەوشە
گوڵێکە لە باخان دەڕوێ، ڕەنگی شینی زۆر کاڵی نزیک بە دیمەن (پەمەیی)یە، لەبەرئەوە بە ڕەنگەکەی دەگوترێ: وەنەوشەیی.
بێترمە
کانیاوێکە لەناو شاری شەقڵاوە، ئەو گەڕەکەش کە ئەو کانییەی لێیە هەر بە بێترمە ناو دەبرێ.
شێنا
بەهێز و تاقەت، بەواز.
ئارام
1. لەسەرەخۆ، هێمن، هێور؛ 2. بێجووڵە، مەند.
ئانگارێس
نێوی بەیتبێژێکی سەردەمی مادەکان بووە کە بەیتبێژی دیوەخانی ئەژدەهاک بووە، ئانگارێس بە بەیت، ئەژدەهاکی لە هاتنی کوورش بۆ گرتنی وڵاتی ماد ئاگادار کردووە؛ ماری بۆییس خانم لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورە)دا نێوی هێناوە؛ بەڵام لە کۆپەڕی (کورد و دێرۆکە تاڵانکراوەکەی)، کە حەمە سدێق میرزا نووسیویەتی، هاتووە کە: ژنێک ئەژدەهاکی لەم کارەساتە، واتە لەشکرکێشی کوورش بۆ سەر وڵاتی ماد ئاگادار کردووە، جا نازانم ئانگارێس نێوی ژنانەیە یان پیاوانە! چونکە بۆ (نەکیسا)یش، نووسەرانی فارس دەڵێن: نەکیسا نێوی ژنانەیە! (نەکیسا) یەکێ لە مۆسیقازان و بەیتبێژە کوردەکانی سەردەمی ساسانییەکان بووە و هاوچەرخی (باربەت)ی فارس بووە کە پێکەوە بە بەیت لە بارەگای ساسانییەکاندا شەڕە گۆرانییان کردووه و ئێستاش ئەو نەرێتە هەر لەناو کورددا، واتە: شەڕەگۆرانیی هەر ماوە و لە کۆندا لە دیوەخانی ئاغا و بەگەکانی کورددا هەبووە. بڕوانە بۆ (هۆنیا) لە بەشی کچان.
شادیک
وەرویرکە، منداڵی دڵخۆشکەری خانەوادە.
گۆریا
نێوی یەکێ لە هۆزە کۆنەکانی کورد بووە، لە کۆپەڕی (المسالک و الممالک)دا، کە ساڵی 846 ی زایین نووسراوە، هاتووە: لە ناوچەی شووانکارەدا چووار هۆزی گەورەی کورد ژیاون، بە نێوەکانی: هۆزی بازرگان، هۆزی ئەردامی کوڕی جووانا، هۆزی گۆریا، هۆزی سوواران. کە زۆر کۆنن و دەگەڕێنەوە بۆ پێش لە دایکبوونی حەزرەتی مەسێح. من پێم وایە ئەم نێوە (گۆران)ە.
کرژە
1. مرۆڤی ئازا و چالاک؛ 2. نێوی گوندێکە لە کوردستان.
کۆکەن
1. چیاکەن؛ 2. سەرنێوی فەرهادی لوڕ یان فەرهادی کۆکەنە، ئەوینداری بەنێوبانگی شیرین؛ 3. ئاڵفبڕین، کاتی دروونی گیا و گزرە بۆ مەڕوماڵات لە زستاندا.
شەکان
1. لەرین لەبەر با؛ 2. تۆپانقاڕ، یاری گۆیێن.