کاسنی

جۆرێک گیایە.

ماردین

1. رەنگی سووری تۆخ؛ 2. لە تیرەی ماد. بڕوانە مارد؛ 3. نێوی شارێکی کوردنشینە لە کوردستانی باکوور لە نێوان دیاربەکر و نوسێبین، کە کوردەکانی ئەوێ بە مێردین نێوی دێنن. لە کۆندا بە (ماردوون)یش نێوبراوە؛ بڕوانە مارد لە بەشی کوڕان لە سەرەوە. لە فەرهەنگی (دێهخودا) ی فارسیدا هاتووە کە: ‌قەڵایەکە بەسەر چیای (جزیر) ەوە کە دەڕوانێ بە سەر (بەردەنیسەر! و دارا و نوسێبین) دا و ماردین یەکێ لە شارەکانی کوردستانە کە لە داوێنی چیای قەرجداخدا هەڵکەوتووە؛ بە پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان، کە هۆزێکی کورد بوونە، گوتوویانە: ماریا، هەندێ زانا دەڵێن: شاری ماردین شوێنێ ئەم هۆزە بووە و لە بنەڕەتدا نێوی شاری ماردین، ماریادین بووە و بەر لە هاتنی ئیسلام، لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا بنیات نراوە. بەڵام عەباسییەکان لە 279 ی کۆچییدا پەلاماری دەدەن و وێرانی دەکەن. یاقووت الحموی دەڵێ: احمد بن مروان دوای ئەوەی کە بە سەر حەمدان بن حەمدوونی حاکمی ماردیندا سەردەکەوێ، ساڵی 440 ی کۆچیی ئەم ‌قەڵایەی لە سەرڕا ئاوەدان کردۆتەوە.

کاردۆ

کارۆخ، کاردۆخ، کاردۆک، کارداک، کارداکا، وشەی (کاردۆ) یان (کورد)، ریشەی مێژوویی و کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ چووار هەزار ساڵی لەمەوبەر؛ دێریک و بەسەرهاتی نەتەوەی کورد، مێژوویەکی سەرسووڕێنەر و پڕ لە کارەسات و هەوراز و نشێوە، کە ئەم گەلە گەورە و ماندوویی نەناسە لە درێژەی رۆژگاراندا لە پشت سەری ناوە و هێشتاش هەر ماوە؛ بۆ واژەی (کورد) دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دێریک و ئەو بەڵگە و نووسراوانەی کە بۆمان ماوەتەوە؛ بەر لە کورد، لە چیای زاگرۆس گەل و نەتەوەی دیکە ژیاون، کە بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆیی یەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، خالدییەکان و ئیلامییەکان و هیدیکە کە سۆلان و زمان و فەرهەنگیان هاو ریشە بووە؛ ئەوەی کە لێکۆڵەرەوان و نووسەرانی کۆن و تازە لە سەری ساقن، دیتنیان ئەوەیە کە: بەر لە هاتنی تیرەی کورد بۆ کوردستان، نەتەوەیێکی دیکە، بە نێوی کاردۆ یان کاردۆخ، شوێنەمێنگەیان ئەم نیشتمانە بووە و خاوەنی شارستانییەت بوونە، کە لەگەڵ هاوسێکانی دەوروبەری خۆیان بەربەرەکانێیان کردووە و هەندێکیان هێناوەتە ژێر رکێفی خۆیان و لە ناو خۆیاندا تواندوویانەتەوە و هەر بەو (نێو)ەوە، ماونەتەوە؛ بۆ یەکەمجار وشەی (کاردایاک)، وەکوو وڵاتی کوردان لەسەر بەردەنووسەکانی ئاسوورییەکاندا خوێندراوەتەوە و لە زەریای (وان)ەوە بەرەو خوار داکشاوە و لە بتلیس قەڵای قاییم و بتەویان هەبووە و شوێنەوارەکەشی تا سەدەی پێنج و شەشی زایینی هەر ماوەتەوە و پاشان لەناو براوە؛ لە 2400ی پێش زایینیش نێوی (کارداکا)، لە بەردەنووسی سۆمەرییەکانیشدا هاتووە و (قەراڵ لاگاش ئاداد نارای) لە بەردەنووسێکدا باسی کردووە و رەشی یاسەمی بە نموونەی هێناوەتەوە؛ لە بەردەنووسێکی سەکۆییشدا کە هی سۆمەرییەکان بووە، نێوی (کارداکا) وەکوو نیشتمان هاتووە نەک تیرە و هۆز؛ لە سەردەمی پاشایەتی (گیمیل سین)ی سێهەم دەسەڵاتداری ئۆرارتۆرییەکان، سەدەی 22ی بەر لە زایین، ناوچەی کوردستانی ئێستا، لە لایەن ئەو پاشایەوە، سپێردراوە بە ئەمیرێکی بەتوانا، کە نێوی (ڤا‌ردنانێر Vard Nanner) بووە و جگە لە ناوچەکانی (گەڤەر و هەکاری)، کە هی ئەو ئەمیرە خۆی بووە، ناوچەی (ئەربیل) و (ئیشار) و فەرمانڕەوایی تیرەی سۆبارتۆ و وڵاتی (کوردە)ی پێ سپاردووە؛ بە پێی لیکۆڵینەوەی (تووردان ژان)یش، کارداک هاوسێی سۆبارییەکان بوونە و ئارامییەکان نێویان ناون: (بێت قردو) و شاری (جزیر)ی ئێستاش جێگەیان بووە و بەو شارەیان گوتووە: (گازارتا کاردۆ Gazarta Kardo)؛ (تیگلات پەلسیر)یش کە لە سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین، لەگەڵ کارداکییەکان تووشی شەڕ هاتووە، نێوی بردوون؛ هەروەسا ئارامییەکان تەواوی ناوچەکانی نێوان (دیجلە و فۆرات)یان بە وڵاتی (گواژارتا کاردۆ) نێو بردووە؛ ئەرمەنییەکانیش بە کاردۆخیان نێو هێناون و لە جوغرافیای کۆنی ئەرمەنستاندا بە (وڵاتی کورچیخ) نێودێریان کردوون؛ ئسترابوونی جوغرافیناسیش قەراخی دیجلەی بە وڵاتی کاردۆییەکان نێو هێناوە و باسی ‌قەڵا و شوورەی ئەم تیرەیەی کردوون کە داگری (دیاربەکر و مووسڵ) بووە؛ واتای کوردیش لە زمانی بابلی و ئاشووریدا (زۆردار و پاڵەوان) بووە؛ ئسترابوون لە کۆپەڕی 15 لە بەندی حەڤدەهەمدا دەڵێ: کارداکییەکان لاوان و گەنجانی پارسییان فێری ئەوە دەکرد کە لە سەرما و گەرما و باراندا خۆڕاگر و هێور بن و لە شەویشدا فێری شەونخوونییان دەکردن و رایان دەهێنان کە لە میوەی لێڕەوارەکان بخۆن، بۆ نموونە: بەڕوو و شتی دیکە، هەر لەبەر ئەم هۆیە، بە لاوانی دلێر و ئازای پارسییەکانیان دەگوت: کارداک؛ لە کۆنیشدا شاعیرانی پارسی، بە کوردەکانیان گوتووە: گورد؛ (شەرەفخانی بدلیسی)یش لە شەرەفنامەدا دەڵێ: کورد واتە: ئازا و دلێر و پاڵەوان، چونکە رۆسەمی زاڵ، و بارامی چێوین و گورگین میلاد و فەرهادی کۆکەن، هەموویان کورد بوونە؛ دواتر وشەی کاردۆک، کردۆک و کاردۆخ هاتۆتە ناو نێوگەل و لە ئاکامیشدا وشەی کورد و کوردستان، ساڵی 511 تا 522 زایینی لە زەمانی پاشاکانی (سەلجووقی) دا بە شێوەیەکی رەسمیی بڵاو کراوەتەوە. منیش لەو بڕوایەدام کە نێوی (کەرکووک)، کە مێژووی ئاوەدانکردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ 4500 ساڵ بەر لە زایین، نزیکە بەم نێوانەوە: کارداکا، کارداک، کارداکۆ، کاردۆک، کاردۆخ، کارۆخ، کارخۆ، کەرخۆ، کارکۆ، کاردکۆ، کەرکووک. بڕوانە (کاردۆخ) و بڕوانە (گۆتۆ).

پێوان

رادە و رێژە گرتنی شتێک بە هەنگاو، کیلۆ، ربە یان شتێکی دیکە.

زارین

گریان بە دەنگی بەرز.

ڕەنگار

رەنگی تۆخ و تیرە.

شاهۆ

1. شاڤ، شاوە، دەنگی کەروێشک؛ 2. چیای چڕوپڕ لە دارستان کە ئاژەڵی کێوی زۆری هەبێ؛ 3. مەلێکی لنگدرێژی باڵشینە کە هەر لەدەم ئاو دەژی؛ 4. چیایەکە لە بەشی زنجیرەچیای زاگرۆس کە کەوتۆتە نێوان پاوە و هەورامان و رۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە؛ 5. لە گاتاکانی زەڕدەشتدا لە (هات)ی 31 شاهۆ بە (ئەشاوۆ) هاتووە:

بێرۆڤ

دەوەنێکی لێڕەوارییە.

سووراڵان

1. سوورئاڵان، سوور و ئاڵ پێکەوە؛ 2. پێداگرتن و سوێڕبوون.

کۆڕەنگ

هەموو رەنگێک پێکەوە، کۆی هەموو رەنگێک. ئەم نێوە، نێوێکی تازەیە کە دایکان و باوکان بە زەوقی خۆیان درووستیان کردووە و لە دوو وشەی (کۆ) بە واتای: هەموو شتێک پێکەوە و (رەنگ) بە واتای نما و چۆنییەتی دیمەنێک، کە پێکەوە دەبێتە: (هەموو رەنگێک پێکەوە) ساز کراوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!