ئەزین
نێوی میری (جزیر و بۆتان) و باوکی (خاتوو زین)ی دڵداری (کاکە مەم) بووە. لە زمانی کوردیدا، خاتوو واتای خانم و (کاک یان کاکە)ش مانای براگەورە و ئاغای فارسی دەدا.
زاگرۆس
1. جێگای سەرهەڵدانی زکرتییەکان، شوێنەمێنگەی زکرتییەکان؛ 2. زکرتییەکان تیرەیەکی کۆنی کوردن کە بە یۆنانیی پێیان گوتراوە: (زاگرتی یان ساگرتی؛ ساگارت، ساگارتی؛ زاگرتی، زاگرۆس)؛ 3. زاکرۆس یان زاگرۆس، داگری زنجیرەیەک چیایە کە لە ئەرمەنستان و ئازەرباییجانەوە دەست پێدەکا و بە ناو زۆر دۆڵ و چیای کوردستاندا دێتە خوارێ و لە شیراز تەواو دەبێ. درێژایی زاگرۆس لە کوردستان 1000 کیلۆمیترە و بەرزاییشی لە وشترانکێو دەبێتە 4700 میتر.
ڤەرینە
فەرمان بۆ هێنان، وەرێنە، بیهێنە، بێرای.
خدۆ
کورتکراوەی نێوی (خدر)ە و نێوی سەردارێکی کوردی زەعفەرانلوویی یە کە راپەڕینێکی چەکدارانەی هەڵگیرساند و لەسەریدا بوو کە کۆماری سووسیالیستی کوردستان لە خوراسان دابمەزرێنێ.
وەرزین
1. کاری کێڵگە؛ 2. نمەزین، ئارەقگیر؛ 3. بەرەی زین، قاییش و قەرووشی سینگی ئەسپ؛ 4. جووڵانەوە و خۆماندووکردن، وەرزش؛ 5. مەشق؛ 6. راڤە، لێکدانەوە؛ 7. لێکدانەوەی خەون.
گلێنە
1. ڕەشایی خڕی چاو؛ 2. سپیایی و ڕەشایی چاو کە لەناو کالانەی چاودایە؛ 3. کزن، دانەوێڵەیێکە کە گای پێ قەڵەو دەبێ؛ 4. نێوی گوندێک بوو لە کوردستان که بەعسی وێرانی کرد.
ئاڵیشک
ئاڵشک، زوقم، سیخوار، خووسار.
سەربەند
1. چەند وشەیەک لە سەرەتای گۆرانی؛ 2. بەستەی دوای مەقام و لاوک؛ 3. گوتنێک لە گۆرانیدا کە دوای چەند شیعرێک دەگەرێتەوە سەری؛ 4. سەردەستە؛ 5. سەرپۆشی دەفری بچووک، قەپاخ.
پەترۆ
قرتماخە، تێ، تۆژگ، توێژی تەنکی سەربرین، برینێک تازە توێژی بەستبێ، برینی پەترۆبەستە.
دانیار
1. پەروەردگار، بەخشندە؛ 2. ئینسانی دەست و دڵئاوەڵا.