تاڤکۆ

1. تەڤکۆ، تەواوکۆ؛ 2. رێکوپێک و گردکۆ؛ 3. تیشکی خۆر و مانگ؛ 4. رێژنەبارانی بەخوڕ؛ 5. نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

فەرەنگ

وشەدان، کۆپەڕێک کە قسە و ئاخاوتنی زمانێکی تێدا کۆکرابێتەوە.

هەرووت

پاژێکن لە هۆزی سوورچی لە ناوچەی هەولێر، کە یەکجار کەللەڕەق و تۆسنن.

هاما

1. هەر ئەمەیە، هەرئەمەسە؛ 2. لەو دەمەدا، لەو کاتەدا؛ 3. ئەوە هاتوو، گرتمان، گریمان.

سەماس

هێمن، پشوولەسەرخۆ.

رێدار

1. پاسەوانی رێگاو بان؛ 2. رێبوار؛ 3. نێوی گوندێکە لە باشووری کوردستان .

بلوومان

چیایەکە لە ناوچەی خوڕەماوا لە لوڕستان.

ئەترەش

زراو، زاڵە. (کە چاوم پێکەوت لە ترسا ئەترەشم پەڕی).

کەژاوە

1. دارێ کە لە بن دیوارەوە وەبن کاریتە دەدرێ؛ 2. دوو سندووقی دارینەی سەرتاکی سەیواندارە کە لە کۆندا لەسەر پشتی هێستر و حوشتر و ئەسپیان دادەبەست و‌ سوواری دەبوون؛ کەژاوە زۆرتر گەورەکان و خانان و ئەو پیر و پەککەوتووانەی کە لە مەکە و مەدینە نەیاندەتوانی ڕێ بکەن، بۆ سوواریی کەڵکیان لێوەردەگرت.

پەچە

1. پێچە، پەچە، دەسماڵ یان تەنراوێکی رەشە کە ژنان لە کوردەواریدا بەتایبەت لە لادێ بۆ شەرمە یان شەرمکردن لە پیاو دەم و لووتی پێ دادەپۆشن. شەرمە کولتووری عەرەبە کە بە هۆی ئایینی ئیسلامەوە هاتۆتە ناو کۆمەڵگای کوردەواری. کـــــۆڵان بــەکـــــۆڵان جــــادە بـه ‌جــــــادە نەشمیلەی چاوجووان (پەچە)کەت لادە (عەلی مەردان) 2. پەچە، مۆڵگە، هەوێز، بێرە، رانەبێرە، بەو شوێنە دەگوترێ کە پەز و بزن (وردەماڵات)ی لێ دەخەوێنن بۆ شیردۆشین و وچاندەرکردنی شووان لە کاتی نیوەڕۆدا و کچان و ژنان دێن بۆ دۆشینیان. وەکوو: لەناو ران هاتەو شیر بە شانەوە لچی ها بە تۆز (پەچە)ی رانەوە (گەلێریی ناوچەی سنە)

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!