قشڵاخ

1. زستانەوار؛ 2. دێی دابڕاو لە دێی دیکە؛ 3. گوندێکه لەلای سنە کە لەمپەرێکیان لێ بەستووە.

ئاشێڤ

بنکۆڵکردنی سەوزەوات بۆ بەهێزبوونی.

رۆهات

بەرەوبوو. (کێوەکە وەرەقەی کرد و بەسەرماندا رۆهات).

نیار

1. شانۆگەر، گەمەی سەرشانۆ؛ 2. سەکۆی یاریکەران.

ڕەندان

1. کۆی وشەی (رەند)، کە دەبێتە: ئازا و مێرخاس؛ 2. ئاد، زەوینی هەر چوارلا ئاو؛ 3. تەختایی ناو گردان.

باڵووڵ

بە پێی نووسراوە دەسنووسەکانی سەرەنجام کە هی سەردەمی (سەدەی نۆهەمی کۆچیی مانگیی)یە و کۆپەڕی ئایینیی یارسانەکانە، هاتووە کە: باڵووڵ کورد بووە و هیچ خزمایەتییەکی لەگەڵ هاروونەلڕەشیددا کە حەمدوڵڵا مستەوفی باسی دەکا نییە و یەکەمین کەسە کە ئایینی یارسانی لە هەوراماندا رەواج داوە و لە ساڵی 806 ی زایینیدا لە کانی سپی، نزیک چیای تەنگە گوڵ، کە دەکەوێتە نێوان مەنەلی و کرماشان، کۆچی دوایی کردووە. باڵووڵ لە سەردەمی هاروونەلڕەشیددا ژیاوە و یەکەمجار ئەو جەم و جەمخانەی داناوە و نێویشی لە بنەڕەتدا (عەمرۆ کوڕی وەهەب) بووە و دوایی بە باڵووڵی زانا نێوی دەرکردووە.

پیرسان

1. پیر لە زمانی کوردیدا چەندین مانای هەیە: الف. پیری بەساڵاچوو؛ ب. گۆڕ، گڵکۆ؛ ت. پێشوازییکردن، بە پیرییەوەچوون؛ پیرسان لێرەدا واتە: سوڵتانی پیران، سوڵتانی چاکان؛ 2. نێوی گڵکۆی یەکێک لە پیرانی تەریقەتی سۆفیگەرییە لە ناوچەی جزیر لە کوردستان.

تیکان

دڕک، چقڵ، دڕکی دار و گوڵ.

بازیان

نێوی دێهاتێک و ئەشکەوتێک و دەربەندێکە لە لای سلێمانی لەو لای تاسڵووجە، لە سەر رێگای سلێمانی بۆ چەمچەماڵ، کە یەکێ لە شەڕەکانی شێخ مەحموودی مەلیک لە گەڵ بەریتانیا لەوێ رووی داوە. بەردێک لە پەنا ئەو دەربەندیە که بە بەردە قارەمان بەنێوبانگە و شێخی نەمر لەوێ لە پەنا ئەو بەردەدا بریندار بووە و کەوتۆتە دەستی بەریتانیا. برنجی بازیان بەنێوبانگە.

گۆتان

نێوی هۆزێکی کورد بووە لە ناوچەی وان کە بە دەستی دەوڵەتی عوسمانی هەڵداژراونەتە قبرس و لەوێ ماونەتەوە و لە نێوان تورکدا زمان و فەرهەنگی خۆیان وردە وردە لەبیر کردووە و بوونە بە تورک.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!