فەرزێ
1. لە وشەی فەرز کەوتۆتەوە، ئەو شتانەی کە واجبن ئەنجام بدرێن؛ 2. وادانان. (وای دادەنێم نەیێت و بڕوا)، یان (بە فەرزێ واش بێ)، (گیرام وەڵامیشی نەدامەوە)؛ 3. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.
ڕێواس
نێرکی باسکڵاو، گیایەکی باڵابڵندی ترشی خورێنییە.
سەیران
گەشتوگوزار، پیاسە و گەڕان.
کەهی
رام، دەستەمۆ. بڕوانه بۆ (کەوی) لە بەشی کچان.
زەردەشت
1. زەڕدەشت، زەڕەتاوەشتەرای، یان زەڕاوەشتەرای لە دوو وشەی (زەڕا) بەواتای (نوور) و (وەشتەرای) بەمانای (داباری) پێکهاتووە؛ 2. نێوی پێغەمبەری زەڕدەشتییەکانە خاوەنی کۆپەڕی ئاوێستا؛ 3. نێوی کۆنی شاری سەردەشت لە کوردستان کە شوێنەواری (ئاهوورامەزدا) و (ئەهریمەن) و (هێتی) و (گورگان)یش لێ ماوە؛ بڕوانە بۆ سەردەشت؛ کۆچکردوو مامۆستا زەبێحی لە پێشەکی "قامووسی زبانی کوردی" دا نووسیویە: زۆربەی ئەو زانا و رۆژهەڵاتناسانەی خەریکی ساقکردنەوەی ئاوێستا بوونە، رایان وایە زمانی ئاوێستایی یەکێک لە زمانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی خێزانە زمانی ئێرانییە و زەڕدەشت کۆپەڕەکەی خۆی لە دەوروبەری چەرخی حەوتەمی پێش عیسا لە باکتەریا "باختەر یان بەڵخ" نووسیوەتەوە؛ بەڵام پرۆفسۆر "پوورداوود" مامۆستای زانستگەی تاران و ئاوێستازانی بەنێوبانگی ئێرانیی لە سەرەتایەکدا کە بۆ "یەسنە" ی بەشێک لە ئاوێستا نووسیوە دەڵێ: (لەناو دەنگ و باسی مێژوونووسانی یۆنان و رۆما، خەبەری "خستانۆس" دەربارەی زەمانی زەڕدەشت جێگای باوەڕە و دەتوانین دەرکەوتنی پێغەمبەری ئێران لە دەوروبەری ساڵی 1080ی پێش عیسا بزانین؛ هەروەها کەم زانا و مێژووزان و کۆنینەناس هەن کە باوەڕیان نەبێ "زەڕدوشت" خەڵکی رۆژاوای ماد نەبێ، بەجۆرێکیتر گەلێکیان رایان وایە کە زەڕدەشت لە دەوری دەریاچەی ورمێ "چەئێچەستە" لە کوردستانی ئێستای ژێر دەسەڵاتی ئێران لە دایک بووە، بەڵام کاتێ باس هاتە سەر ئەو زمانەی کە ئاوێستای پێ نووسراوە، کەمیان بۆ ئەوە دەچن کە زەڕدەشت ئاوێستای بە زمانی مەوتەنی خۆی یانێ زمانی "مادیی" نووسیبێ، ئەوە بابەتێکە زۆری گفتوگۆ لەسەر کراوە، زۆرتر رێی تێدەچێ کە زمانی ئاوێستایی زاراوەیەکی مادیی بێ تا خوراسانیی یا باختەریایی. مەسەلەی مادیبوون و نەبوونی ئەو زمانەی کە ئێستا پێیدەڵێن: "ئاوێستایی" شتێکە هەروا دەمێنێتەوە تا ئەو رۆژەی دەربارەی زمانی مادیی زانیارییەکی ئەوەندە زۆر دەکەوێتە بەردەستی زانایان کە بتوانن دەگەڵ زمانی "ئاوێستایی"، بەراوردی بکەن و هەڵیسەنگێنن و رای خۆیان لەسەر دەرببڕن. ساڵی 1975 لە هەنگمتەنا یان هێگمەتانە پاتەختی "ماد"ەکان کۆشکێکی گەورە لەژێر خاک دەرکەوتووە، رۆژنامەکانی ئێران نووسیبوویان: تەختی جەمشید (پیرسپۆلیس)ێکی تازە لە هەمەدان دۆزرایەوە. بێگومان دەبێ ئەوە کۆشک و تەلاری پاشاکانی ماد بێ و هیوامان ئەوەیە ئاساری نووسراوی مادی لێدەرکەوێ و تیشکێکی تازە بخاتە سەر زمانی مادیی و تا رادەیەک لەدەست کوتان لە تاریکایی مێژوو رزگارمان بکا". بە کورتی بەر لەوەی کە ئایینی زەڕدەشت و ئاهوورامەزدا سەر هەڵبدا، بە پێی شوێنەوارەکانی شاری بۆکان و دەوروبەری، خودای گەورەی دانیشتوانی ناوچەکە (بەغ) بووە و ئەوەی کە روون بۆتەوە (مێهرپەرستی) یان دلۆڤانپەرستی ئایینی زاڵی ئەو سەردەمە بووە و دانیشتوانی ئەو شارانە رووگە و ئاورگەیان بۆ خودای (میترا) درووست کردووە و رێزگرتن لە ئاگر کە ئێستاش لەناو کورددا بەڕێز و خۆشەویستە، نەریتێک بووە کە لە ئایینی (میتراپەرستی)یەوە بۆ خەڵکەکە ماوەتەوە؛ خودای ئاناهیتایش لە کۆنەدێریکی ناوچەکەدا، خاوەنی ئاورگەی تایبەتی خۆی بووە و هەندێ لە مێژوونووسان دەڵێن: ئاگرپەرستی بە خودای (ئاناهیتا)وە بەسراوەتەوە؛ گردەکانی دەوروبەری بۆکان بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم بانگاشەیە کە زۆرتر لە 30 گرد یان تەپۆڵکەی مێژوویین.
تۆشە
تۆشەبەرە، توێشە، توێشوو، زاد، زەواد، بژیوی سەفەر، ئەو خۆراک و پێخۆرەی کە کاروانچی و رێبوار لەگەڵ خۆی لە سەفەردا دەیبەستێتە پشت و هەڵیدەگرێ بۆ ناو رێگە.
پێروو
1. ئەستێرەی کۆ؛ 2. منداڵی پاگرتووی فێرە رۆییشتن.
کیارەش
کیارش، یەکێ لە فەرماندە گەورەکانی فەروەرتیش، دووهەمین پاشای ماد. بۆ زانین، گڵکۆی فەروەرتیش لە ئەستێودانێکی گەورەیە لە چەمی رەزان، بە سەر سینگی کیوێکی سەرکەشەوە کە ئاوردانێک و دوو گڵکۆی تێدایە، کە لایەن میراتی فەرهەنگی کوردستانەوە پارێزراوە.
مێرا
1. گەوره و مەزن؛ 2. خۆشەویست؛ 3. جێگای رێز؛ 4. ئەو تاجەی کە لە گیا و گوڵ درووست دەکرێ بۆ سەر سەری ئەو کیژانەی کە لە جەژنی سەری ساڵی مەسیحی یان شەوی زستاندا بەشداری دەکەن؛ 5. مێرا یان میترا: نێوی پەیامبەری رێز و خۆشەویسییە؛ 6. ئەو یازدە نووک یان نێزەیەی کە وەکوو نیشانەی رۆشنایی ئایینی زەڕدەشت ماوەتەوە و هێمایە بۆ رووناکی هەتاو. مارد، مار، مێر، مێرا، لە ریشەی کۆنی کوردیی (مێهر یان میترا)، کە ئایینی بەر لە زەڕدەشتییەکان، واتە (میتراپەرەستی) بووه، وەرگیراوە و دوای ئەم ئایینەی (میتراپەرەستی)، زەڕدەشتپەرستی هاتۆتە نێوان. ئەو نێوانەی کە لە کوردستان بە وشەی (مێر)، دەس پێدەکەن، وەکوو (مێردین، مێرگەسوور، مێرگەپان، مێراوەر، مێروەند، و هیدیکە)، دوور نییە بە ریشەی نێوی میترا و میتراپەرستییەوە نزیک بن. نیشانەی ئایینی زەڕدەشت ئێستاش لە چیای (چەمی رەزان) کە بە سینگی کێوێکی بەرزەوە لەناو (مەڕ یا ئەستێودان)ێکی گەورەدا هەڵکنراوە و بە فارسی دەبێتە دەخمە، گۆڕی فەروەرتیش دووهەمین پاشای مادەکان لەوێیه، هەر ماوە و پارێزراوە. بڕوانە بۆ وشەی مارد و ماردین لە بەشی کوڕان.
ژیواران
1. گوندێکە لە ناوچەی دەرسیم لە باکووری کوردستان؛ 2. کۆی ژیوار. بڕوانە بۆ ژیوار.