هاوناس
ئاشنای یەکدی، دۆستی یەکتر.
لەیلێ
1. گراوی مەجنوونی بەنێوبانگ؛ 2. سەربەند و ناوبەند و پاشبەندی چەندین گۆرانیی کوردییە.
سۆشین
سیاوەشوون، سەوشوون، گیایەکی قەفئەستووری بەرزە، کە بنی وەک چەوەندەر وایە، وشکی دەکەن و دەیکوتن، ئاردەپەڵووی پێدەڵێن و لە گۆگەم بەرزترە. سۆشین بۆ خۆی چیرۆکێکی هەیە: دەڵێن پاش ئەوەی کە باوەژنی سیاوەش بوختانی بۆ کرد، کە گوایە حەزی لێکردووە و چۆتە سەری، باوکی سیاوەشیش دەڵێ: بۆ رووسووریی سیاوەش، دەبێ سیاوەش لەناو ئاگرێکی زۆر گەورەوە بپەڕێتەوە، ئەگەر سووتا گوناحبەکۆڵە و تاوانبارە و دەمرێ، ئەگەریش بێتاوان بێ دەرباز دەبێ! سیاوەش لەئاگر دەدا و بەساقی دەپەڕێتەوە و رزگاری دەبێ، بەڵام لە جێی ئاگرەکەدا گوڵێکی ئاماڵ سوور و شین، سەوز دەبێ کە نێوی (سۆشین)ی بەسەردا دەبڕن!
سرتە
سرپە، پچەپچ.
شامی
1. شووتی، زەبەش، شفتی، هەنی؛ 2. گەنمە شامی؛ 3.گوڵەگەنم؛ 4. سووکەڵە نێوی شامراد؛ 5. خەڵکی شام؛ 6. نازنێوی شاعیری نەمر، (شامی)ی هەرسینییە.
تەها
بێوێنە و دەگمەن.
جانێ
لە وشەی (جان) وەرگیراوە بۆ هەستی خۆشەویستی.
دڵشا
کەسی دڵخۆش، کورتکراوی دڵشاد
سالیس
پەیاغ و لووس و ساف.
کاردا
1. ئەو کارەی کە کراوە؛ 2. بەهرەی کار؛ 3. کاردۆخ. بڕوانە گۆتۆ.