شەوێن

1. شەونم؛ 2. کاتی پاشباران؛ 3. ئەو کاتەیە لە شەوی مانگەشەو کە شووانان مێگەل لە یەکتر جیا دەکەنەوە؛ 4. جێگەی پشوودانی ئاژەڵ لە شەودا؛ 5. لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لە شەودا.

ڕووبەن

رووبەند، شەرمە، پەچە.

بازێ

نێوی نەواڵێکە لە بادینان، لە کوردستانی باشوور.

هەردە

1. خوارن، خۆراک؛ 2. چۆڵ و بیاوان؛ 3. زورکان، دەشتی بەگردوولکە؛ 4. تەرە و چۆڵگەرد؛ 5. وەک، لە چەشنی، وەکوو: (هەردەجاران).

کوردان

کۆی وشەی کورد، کوردگەل، کوردەیل.

زێوەر

1. جووانیی، رازاندنەوە؛ 2. خاوەن پلەوپایە؛ 3. نێوی شاعیرێکی کورد بووە لە باشووری کوردستان.

پۆشەن

پۆشاک، جلوبەرگ.

لەزین

پەلەکردن، وەخۆکەوتن.

بەندان

کۆی بەند بە واتای: 1. بەند: بەستن و گرێدان؛ 2. بەند: لەمپەر؛ 3. بەند: پاوەنی پای زیندانیی؛ 4. بەند: کورتە گۆرانیی؛ 5. بەند: قامکی دەست؛ 6. بەند: پارچەیەک لە قەسیدەی شیعر؛ 7. بەند: مانەوە؛ 8. حیلە و دزی؛ 9. جۆگەی گەورە و هەڵبەستراو؛ 10. بەند: مەچەکی دەست؛ 11. بەند: بەستەی کاغەز؛ 12. بەند: قەدەخە، یاساق؛ 13. بلندایی لە تەختاییدا؛ 14. پێنجەم حەوتەی زستان؛ 15. ساڵی جووتکردنی گا، وەکوو گای دوو بەندە و سێ بەندە؛ 16. گیر و گرفت؛ 17. جۆگەی گەورە؛ واتای (بەندان)یش دەبێتە: 1. تێهەڵسوون و هەڵبەستن؛ 2. بەسران و گیران، وەکوو: خەنەبەندان، بەستە و بەندان، رێبەندان. بیــــــرەوەری دووی رێبـەنــدان دەمخاتە سەر بەستە و بەندان (سووارە)

لۆلان

1. گەڕۆک و هاتوچۆکەر، بۆ لێکۆڵینەوە؛ 2. پێچەڵپێچ و پڕگرێ؛ 3. گوندێکە لە ناوچەی سیدەکان لە باشووری کوردستان؛ 4. نێوی هۆزێکی کوردە لە باکووری کوردستان؛ (م. حەسەرتیان)، لە ((راپەڕینی کوردان)) دا کە جەلال دەباخ وەریگێڕاوەتە سەر کوردیی، دەڵێ: لە کوردەکان، خێڵی لۆلان و .....‌، پشتگیرییان لە شۆڕشی شێخ سەعید نەکرد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!