شاباڵ

1. شاپەڕ، گەورەترین پەڕەکانی باڵی مەل؛ 2. ئەندازەی لەسەر پەنجەوە هەتا ئەستۆ.

سۆما

1. ئاسۆ؛ 2. تین و هانای چاو؛ 3. تروسسکەی رووناکیی لەدوور، رووناکیی دیتن؛ 4. ناوچەیەکە لەلای خوارووی ورمێ لە برادۆست لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

کوێستان

چیا، کێو، کێفسان، کۆسار، زۆزان.

ئاناهیتا

1. ناهید، خاوێن، پاک؛ 2. شوێنێکی کەونارایه ‏لەپاڵ که‌نگاوەر؛ 3. فریشتەی پارێزەری ئاو. ئاناهیتا: له‌ (یه‌شته‌کان)دا به‌شی 1، لاپه‌ڕه‌ی 167 نووسراوه: ناهید، ژنێکی جه‌وان، به‌ژن جووان و باڵابه‌رز و که‌ڵه‌گه‌ت و چه‌له‌نگ، ڕه‌گه‌ز ئازاده‌ و ده‌روونپاک، باسکه‌ سپییه‌کانی به‌ قه‌را شانی ئه‌سپ ده‌بێ، مه‌مکی قوته‌ و پشتێنێکی ته‌نگی له‌ نێوقه‌د به‌ستووه‌ و له‌سه‌ر فایتوونی خۆی ڕێشمه‌ی چوار ئه‌سپی یه‌کڕه‌نگ و هاوبه‌ژنی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و لێده‌خوڕێ. ئه‌سپه‌کانی فایتوونه‌که‌ی بریتین له‌: با و باران و هه‌ور و خوناوکه‌. ناهید به‌ گه‌وهه‌ر ڕازاوه‌ و تاجێکی زێڕنی به‌ شکڵی چه‌رخێک له‌سه‌ره‌ که‌ سه‌د گه‌وهه‌ری ترووسکاوه‌ی به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌. له‌ لێواره‌کانی ڕیشووی چیندار هه‌ڵواسراوه‌، تۆقێکی زێڕینی له‌ ملدایه‌ و گواره‌ی چووارسووچی ده‌ گوێدا. پاتاوه‌ دره‌وشاوه‌کانی به‌ به‌ندی زێڕین قایم کردووه‌. باڵاپۆشێکی له‌ که‌وڵی سی به‌بر که‌ وه‌ک زێڕ و زیو ده‌ترووسکێنه‌وه‌ به‌خۆیدا داوه‌، جلی زێڕینی پڕچینی له‌به‌ر کردووه‌، له‌ ته‌وقی ئاسمان دامه‌زراوه‌.

بەیتاس

گوندێکە لە 50 کیلۆمیتری شاری مهاباد، کە رێگای مهاباد بۆ سەردەشت بەبەر ئەم گوندەدا تێدەپەڕێ. 1. (بەت) لە زمانی مادیدا واتە گەورە و مەزن، کە هەمان وشەی (بەد)ی پاشگری وشەی (مووبەد)ە، کە لە موو یان موغ و بەت پێکهاتووە؛ 2. موغ واتە بەرپرسی ئایینیی زەڕدەشتییەکان و بەد و بەت و پەت و باد و پات، واتە گەورە و مەزن کە بەسەر یەکەوە، دەبێتە گەورەی زەڕدەشتییان؛ (بەت) لەگەڵ وشەی (بەیت)ی کوردیی کە ریشەکەی لە (پاد)ی ئاوێستایی و (پۆیێت)ی لاتینی کە هەردووکیان واتای شیعریش دەدەن نزیکە و دوور نییە یەک ریشە بن. بڕوانە هۆنیا لە بەشی کچان. ئاس لە زمانی مادیدا بە مانای مەڵبەندە، کە ستێن و ستان و ئوستان و ئاستان، هەر لەو ریشەیەن. لە زمانی پەهلەویدا، ئەو وشەیە بۆتە وستان. لە کارنامەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا، شارستێن، شتەروستان نووسراوە. بەیتاس کە لە بنچینەدا بەتئاس بووە، واتە مەڵبەندی گاوران. لە کوردستان ئاوایی دیکەشمان هەنە کە پاشگرەکەی (ئاس)ە وەکوو: سوێناس لە مەڵبەندی گەورکی مەهاباد، کە سوێئاس بووە بەمانای مەڵبەندی نوور؛ هەروەها نەڵاس لەلای سەردەشت کە وێدەچێ نێڵئاس بووبێ کە واتای مەڵبەندی ئاور دەدا. بڕوانە بۆ گۆران.

مازنێ

1. مەزن، مازن، گەورە، سەرداری خێڵ‌؛ 2. گوندێکە لە نێوان مێرگەسوۆر و باڵەکیان لە باشووری کوردستان.

پیران

1. کۆی وشەی پیر بە واتای: شەخس، خاسخوا، چاک؛ 2. گۆڕی چاکان و خاسخواگەل؛ 3. پیران گوندێکە لە نێوان مەریوان و هەورامان؛ 4. تیرەیەکن کە بەشێکیان لە باکووری رانیەن و بەشێکیان لەلای مەهابادن کە سەر بە هۆزی بڵباسن. 5. پیران: بوورانەوە، لەسەرخۆچوون، لەهۆشخۆچوون؛ 6. کاتی گریان کە هەناسە ببڕێ و نەگەڕێتەوە، وەکوو: ئەو منداڵە ئەوەندە گریا، پیرانی کرد؛ 6. وشەی پیر لە کوردیدا، واتای پیاوی چاک و دیندار و خواپەرست دەدا کە (شەخس) و (چاک) یشی پێدەڵێن؛ 7. ئەو (Piere) ە ش کە نێوە و من بۆ خۆم لە هەندەران بەتایبەت لە ئورووپا بیستوومە و هەیە، هەر ئەو پیرەیە کە ئێمە بە چاک و شەخسی نێو دەبەین و لەلای وانیش هەر هەمان واتای هەیە.

شەنگە

1. جووان و لەبار؛ 2. بەهێز و بەواز.

باهوو

1. باهۆ، هاولفی وشەی (شان و باهۆ)؛ 2. قووڵ، کوور؛ 3. وەرەقەکردنی دیوار و ئەشکەوت و خەندەقی دەوری باخچە و شتی وا؛ 4. لاشیپانەی دەرگا؛ 5. ئاڵووەداری دارەڕا؛ 6. شاهێنی تەرازوو؛ 7. ئاسۆگ، کەناری ئاسمان؛ 7. ئاسۆ؛ 8. دارێکی شووشەییە دەکرێ بە چووارچێوەی دەرگا و پەنجەرە و شتی دیکە.

دیاوەشت

شێخ موحەممەد مەردۆخی کوردستانیی لە (تاریخ کورد و کوردستان) دا نووسیویە: نێوی کۆنی کێوێکە لە ((جبال الاکراد)) لە سووریە، بەڵام ساڵی 1963 کە بەعسییەکان لە سووریە هاتنە سەر دەور، ئەم نێوەیان گۆڕی.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!