باران

ئاوێ کە بە دڵۆپە لە هەورانەوە دادەڕژێ، واران، بارشت، وەشت.

کاریان

1. وزە و توانا؛ 2. لە چاوگی کارین کە وشەیەکی کرمانجییە و واتای کشت و کێڵان و هێز و بڕست دەدا، وەرگیراوە؛ 3. مەڵبەندێکە لە کوردستان.

بانا

ئوڵفەت بەستن بە یەکێکی دیکە، هۆگر بوون.

سەرکۆ

1. سەرکۆنە، لۆمە و سەرزەنش؛ 2. گەنمی سەرەوەی خەرمان.

حەبێ

خۆشه‌ویست، ئازیز.

پاکۆسا

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باشووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

ڕەزاو

1. ئاوی ترێ؛ 2. گوندێکە لەنێوان سنە و مەریوان کە سەر بە هەورامانە.

نەیری

1. لە گاتاکاندا وشەی (نەیر)، لە زەند و پازەندی کۆندا، مانای (ئاگر) دەدا؛ 2. نەیری واتە: لە تیرەی (ئاگرپەرستان)؛ 3. هەروەها نەیری واتە ئەو تیرەیەی کە ڕەزەوانن و ترێ ڕەنێو دێنن؛ 4. هەروەتر نێوی گۆڕەپانێکی پان و بەرینە لەلای سەرووی گوندی (سەبان)ەوە لە ناوچەی هەڵەبجە؛ 5. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری ناوچەی شارەزوورە؛ 6. نەهری یان نەیری ناوچەیەکە لە وڵاتی شەمدینان؛ 7. هەروەها تیرەیەک بوونە لە کورد کە لە کۆندا دوو ڕەتەوەی (سۆبار و گۆتۆ)یان لێکەوتۆتەوە؛ 8. مینۆرسسکی و توردانگین دەڵێن: ناوچەی (نەیری) یان (هۆبشکا)، بە شیو و دۆڵەکانی (بۆتان) گوتراوە کە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبووە؛ مەیجەرسۆن دەڵێ: ئەگەر تەماشایاکی سەردەمی گۆتییەکان بکەین، کە لە دۆژ سەدەکانی (12 و 15) ی بەر لە زایین ژیاون، دەبینین ئەم نەیریگەلە کە پێش میدییەکان کەوتبوون، لە کوردستانی ناوەڕاستدا ژیانێکی باشیان هەبووە و دەسەڵاتێکی وایان هەبووە کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی هاوسێکانیانەوە. هەر ئەم نەتەوەیە بوو کە لەپاشان نێوی گۆڕدرا و بوو بە (کورد)؛ وڵاتی نەیرییەکان لەو سەردەمەدا لە زەلیای ناوەڕاست لە ڕۆباری گەورەوە دەستی پێدەکرد هەتا سەرچاوەی ڕۆبارەکە. میدییەکان کە حوکوومەتەکەیان تێدا چوو، بەرەبەرە ڕوویان کردە ئەم شوێنە و ئاوەدانیان کردەوە.

کۆدەنگ

هەموو دەنگێک پێکەوە. ئەم نێوە، نێوێکی تازەیە کە دایکان و باوکان بە زەوقی خۆیان درووستیان کردووە و لە دوو وشەی (کۆ) بە واتای: هەموو شتێک پێکەوە و (دەنگ) بە واتای ورتە و سۆز، کە پێکەوە دەبێتە: (دەنگی هەموو شتێک پێکەوە) ساز کراوە.

کانیاو

1. کانی، سەرچاوە، ئاوێ کە لە کانی دێتە دەر؛ 2. زەوینێ کە بە ئاوی کانی ئاو دەدرێ؛ 3. گیایەک کە بە ئاوی کانی ئاو بخواتەوە. (لۆکەی کانیاو). (ناسکۆڵە و بەڵەک چاوە، دەڵێی لۆکەی کانیاوە).

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!