ماوەت
شارۆچکەیەکی باشووری کوردستانە کە بە دەستی حوکوومەتی بەعس بە بۆمبی شیمیایی بۆمباران کرا و وێران بوو، بەڵام ئێستا ئاوەدان کراوەتەوە.
باپۆک
باپووک، کڕێوە و تۆفی بەفر کە با دەیهێنێ.
سیپان
1. کێوی پڕ لە شینایی؛ 2. رنوو، کلێڵەبەفر، شاپە؛ 3. بەرزایی باگێڕەوە، بڵندایی یەک کە باگر بێ؛ 4. کێوی پڕ لە بەفر لە هەموو دەماندا؛ 5. نێوی دوو چیایە لە کوردستانی داگیرکراو کە یەکێکیان لە کن پیرانشارە و ئەوی دیکەشیان لە لای زەریای (وان) ە و لەوانەشە لە شوێنی دیکەی کوردستان چیا بەم نێوە هەبێ، چونکە لە بەیت و چیرۆکە کوردییەکاندا نێوی سیپان زۆرە.
بێشۆ
زیاد لەئەندازە، لە رادەبەدەر.
بنار
1.داوێنی کێو بەرەو دەشت؛ 2. گەورەی ماڵ؛ 3. سەرۆکی خێزان؛ 4. دەمەقاڵە؛ 5. وردەگلەیی. وەکوو: ئەو دەمەقاڵەیە چی بوو؟ هیچ نەبوو وردە بنارێ بوو!
پۆپنە
مەلی پۆپەدار، مەلی کڵاوەدار.
دابان
نێوی گەردەنە یان (کەل) ێکە لە پشت شاخی (پیرەمەگروون) ەوە لای سلێمانی لە باشووری کوردستان.
ژیلەکۆ
نێوی چیایەکە لە ناوچەی حەکاری لە باکووری کوردستان.
سیتاڤ
1. تیشکی هەتاو؛ 2. تین و گەرمای هەتاو.
ئەژدەهاک
1. نێوی کێوێکە لە ناوچەی هەورامان لە پشت گوندی دزڵییەوە، له ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 2. نێوی کێوێکە لە ناوچەی سلێمانی نزیک بە سوورداش لە کوردستانی باشوور؛ 3. ئاستیاگ، ئازیدهاک، ئەژدەها، زەها، هەژدیها، حەزیا، ماری گەورەی ناو چیرۆکان، حەفی؛ 4. لە راستیدا، ئەژدەهاک یان ئاژدەهاک لە دوو وشەی (ئاژ و دەهاک) پێکهاتووە کە (ئاژ) واتە: ئاغا، زۆردار، سەرۆک و (دەهاک)یش واتە: شوێن یان جێگە و مێنگەی تیرە و هۆز. بڕوانە: دەهاک لە بەشی کوڕان. بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیەی کە لە ناو کورددا دەمێکە بڵاوە و دەڵێن: ئەژدەهاک حاکمێکی زاڵم و خوێنڕێژ بووە و چی و چی... (ئەحمەد شاملوو) شاعیری پایەبەرزی فارس دەڵێ: ئەژدەهاک (زوحاک) پاشایەکی عادڵ و خێرانکار بووە کە زەوینەداگیرکراوەکانی بە سەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازدا دابەشیوە و زۆر کاری دیکەی لەم بابەتانە بەڵام بە دەستی (شاوان بێمێشک) ێک بە نێوی (کاوە) لە دەسەڵات کەوتووە و (فەرەیدوون)ی لە جێگەی داناوە و پاشایەتی هاتۆتە گۆڕێ! هێرۆدۆت دەڵێ: ئاستیاز یان ئازیدهاک، یەکێ لە پاشاکانی ماد بووە و 33 ساڵ پاشایەتی کردووە. بڕوانە بۆ وشەگەلی (ماد) و (نەورۆز).