مرواری

لوولوو، گەوهەرێکی دەریایی ناو سەدەفە، بەردێکی جووانی سپییە کە زۆر بەنرخە.

گۆران

نێوی تیرەیەکە لە کورد کە لە ناوچەی داڵاهۆ و رێژاو و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دەژین و رەدووی ئایینی (یارسان) یان (ئەهلی هەق) ن و (کاکەیی) یشیان پێدەڵێن. گۆرانەکان یەکەمین یان دەتوانم بڵێم یەکێ لەو تیرەگەلەی کوردن کە زووتر لە هەموو تیرەکانی کورد دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و وشەی (گۆرانیی) بە نێوی ئەوانەوە هاتۆتە ناو زمان و ئەدەبیاتی کوردی؛ هۆزی گۆران یەکەم هۆز و تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەست پێکردووە؛ لەبەر ئەوەش کە موسوڵمان نین، بەداخەوە پێیانگوتوون: گەور یان گاور، واتە: ناموسوڵمان!؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەتیشدا هەر سروود و ستران و ئاوازێکیش کە پێداهەڵگوتنی (ئیسلام)ی تێدا نەبووبێ، بە نالەبار و ناشایانیان لە قەڵەم داوە و پێیانگوتووە: گەورانی یان گاورانی!! و لەلایەن موسوڵمانانەوە بەرگری لێکراوە و وردە وردە ئەو ستران و سروودانە وشەی گەورانی بەسەردا بڕاوە و دوایی بۆتە: گۆرانی! هۆزی (گۆران) هۆزێکی کۆن و گەورەن؛ بەداخەوە (کوردی وشکەڕۆی موسوڵمان) یش پێیانگوتوون: دز، چەتە، رێگر، کە من پێموایە لەبەر ئەوەی کە موسوڵمان نەبوونە و پەیڕەوی ئایینی کۆنی یارسانن, وایان پێگوتوون، چونکە ئەوانە سەریان بۆ عەرەب و تەنانەت کوردی موسوڵمانیش کە لەبنەڕەتدا موسوڵمان نەبوونە و بە شەق و شمشێری عەرەب بوونەتە موسوڵمان، دانەنەواندووە؛ لەبەر ئەوەش کە کوردی موسوڵمان پەیتاپەیتا هێرشیان کردوونەتە سەر و ئازاریان داون، ناچار کاردانەوەیان نیشان داوە و خۆیانیان پاراستووە، کوردە موسوڵمانەکەش لە داخی ئەوە کە ئەم یارسان (ئەلحەق) انە پەرچەیان لەو دینە نەتەوەیی یەی خۆیان کردووە, ئامادە نەبوونە ببن بە موسوڵمان و ناونیتکەی وایان لێناون و بە دز و چەتە و رێگریان لەقەڵەم داون، لە کاتێکدا وا نییە و بۆ هەموو کوردیکی تێگەییشتوو و رۆشنبیر جێگای سەربەرزین، چونکە یارسان یان گۆرانەکان، زمان و کولتووری کوردییان لە چوارچێوەی ئەو دینە کۆن و نەتەوەیی یەی خۆیاندا بۆ پاراستووین! نێوی گۆران لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و شوێنانی دیکە، بە یۆران دەخوێرێتەوە و ئەمیش وەکوو ئالان نێوێکی دنیاداگر (ئینترناشیۆناڵ)ە. بڕوانە (پاڵەوان) و (یارسان) لە بەشی کوڕان.

فاما

بەئاوەز، زیرەک و تێگەییشتوو.

ڕۆسا

نێوی یەکەم پاشای ئۆرارتۆیی یەکان بووە کە کە هێرشیان کردۆتە سەر مانایی یەکان لە ناوچەی بۆکان؛ جۆرێک خاکە کە بۆ هەوڕگەری بەکار دێ و کاسە و گۆزەی لێ درووست دەکەن، خاکی رۆسا تۆزێک ئاهەک و سیلیس و ئوکسیدی ئاسنی تێدا هەیە کە رەنگی جۆربەجۆری لێ دەردێ؛ نێوێکی کۆنی ئێرانییە و لە بەردەنووسەکەی بێستووندا هەیە؛ هەروەسا نێوی باژێڕێک و یەکێ لە کوردەدەسەڵاتدارەکانی خالدییە بووە کە لە بەردەنووسەکەی زێڕیندا نێودێر کراوە؛ دیسان لە بەردەنووسەکەی گوندی (بەستام)ی لای چایپاری بەشی قەرەزیائەدینی شاری (خۆی) نووسراوە کە: رۆسا لە دۆژ سالأنی 646 تا 680 ی بەر لە زایین فەرمانڕەوای هالیدیان بووە و هەمدیس لە بەردەنووسەکەی چیای (زاخان)ی لای سەراوئەردەوێڵ و بەردەنووسی چیای سەهەندیش نێودێر کراوە.

ڕێکۆک

رێچکە، باریکەڕێ.

هەڵاڵە

1. گوڵێکی زەردی بۆنخۆشی کوێستانییە؛ 2. شتێکە هەنگ لە گوڵی دەگرێ و شانی پێ هەڵدەبەستێ؛ 3. ماکی مۆم کە مێشەنگوێن لە گوڵانی دەگرێ؛ 4. بانگەواز؛ 5. دەرمانی پێستە خۆشکردن؛ 6. گوڵەمێلاقە، ڕەبەنۆک.

ڕامینا

نێوی گراویەکەی (وەیس) ە لە چیرۆکی (وەیس و رامین)، کە لە بنەڕەتدا کوردییە و بە زاراوەی کەڵوڕیی کە فارس بە (زبان پهلوی) نێوی دەبەن هۆنراوەتەوە.

بروسکە

بریسکە، درەوشین. (بریسکەی بەفری سەر کەل). برووسکە لە زمانی کوردیدا بۆ (برقیە)ی عەرەبی و تەلگراف بەکار دەبرێ.

چۆمان

1. کۆی چەم و چۆم، چەند چەم کە دێنە ناو یەک، وەکوو چەمی چۆمان، کە بەبەر گوندی واوان و نەڵاسدا تێدەپەڕێ و پێی دەگوترێ: (کەڵوێ)، بەڵام لە لای ئالان و ئاسۆس، پێی دەگوترێ: چۆمان و هەر ئەو چۆمەیە کە لە جوغرافیای ئێراندا بە رۆخانەی سەردەشت بەنێوبانگە؛ 2. چۆمان هەروەسا شارۆچکەیەکە لە لای شارۆچکەی گەڵاڵە لە باشووری کوردستان کە هەردووکیان بە دەستی حوکوومەتی بەعس وێران کران و سووتێنران.

کیکان

نێوی هۆزێکی کورد بوو کە بەشێ لە هۆزی بڵباسیشیان لەتەکا بوو و به هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان و لەناوبردنی ساسانییەکان هەڵداژران بۆ ناوچەی ڕۆمادی بۆ ناو‌ خاکی ئێراق و بە‌ دەستی عەرەب تەفروتوونا کران و بە زۆر کردنیان بە عەرەب و لەناو عەرەبدا توانەوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!