وەران

1. وەرها، بەران، نێرەپەز؛ 2. ئامان، هاتن؛ 3. پێچان، لێکهاڵان؛ 4. داڕژان لە سەرەوە بۆ خوارەوە، وەرەقەکردنی خاک و بەردی ئەشکەوت و دیوار و شتی وا؛ 5. داوەرین، بەربوونەوەی گەڵا لە دار؛ 6. داکەوتنی پووشوپەڵاش لەسەر بانان.

سوورانە

1. میوانداریی بە هۆی خەرمانهەڵگرتنەوە؛ 2. دیاری وەرزێر بۆ ئاغا؛ 3. کێلەیەک لە هەر بنەتۆیەک لە خەرمان بۆ ئاغا دێ.

ئابوور

1. مایه‌ی گوزه‌ران و بژیو؛ 2. سازدان و پێکهێنانی سامان و دارایی.

ئەشکان

1. ئەشکان یا ئاشکان واتە: شوێنێک کە کانی زۆری تێدا هەبێ؛ 2. نێوی گوندێکە لە داوێنی چیای ئالان کە کەوتۆتە پشت شاری سەردەشت؛ 3. ئەگەر لە ریشەی (ئاش)ەوە لێی بکۆڵینەوە، واتە: دۆڵی پڕ لەئاش، دۆڵی ئاشان، چەند ئاش پێکەوە، ئاشەکان، ئاشکان؛ 4. وشەی ئاشک دوو مانا دەدا، یەکەم: گەدە و ورگ؛ دووهەم: بەهێز و توانا، زۆردار و بەدەسەڵات؛ 5. لە چیرۆکی (وەیس و رامین) دا نێوی سێهەمین رەتەوەی (پاکۆیی)یەکانە؛ 6. نێوی بنەماڵەی گەورەی پاشایەتی ئێرانی بەر لە ساسانییەکانە کە 250 ساڵ بەر لە زایین سلووکییەکانیان لەناو برد و بە دەسەڵات گەییشتن. 7. هەروەها ئاشک یان ئەشک واتە: دڵۆپەکردنی ئاو یان فرمێسک.

هەڤیان

ئۆقرەگرتن، هەدادان، داسەکنین، هێوربوونەوە.

میرمام

1. مامی گەورە؛ 2. نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور.

باڤۆ

بە زاراوەی کرمانجی واتە: 1. باوک، باڤ، باب؛ 2. بانگکردنی زاڕۆک لە باوک. (باڤۆ وەرە).

ڕکان

باوەڕ، بڕوا. (رکانی پێ ناکەم).

تاویار

تاوێرە دەنک، ئەوەندەی جارێک لە سێڵدا دەبرژێ.

ئەنتیکە

کەموێنە، کەلوپەلی زۆر کەنارا، لە وشەی (ئانتیک)ی ئینگلیسی وەرگیراوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!