تەمۆ
کورتکراوەی نێوی تەیموورە و نێوی دەبگبێژ و سازژەنێکی کوردی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە.
وەشی
1. بە زاراوەی هەورامی واتە: خۆشی، شادی، کەیف سازبوون؛ 2. هێشووی ترێ و خورما و هیدیکە.
بوویەر
1. رابردوو؛ 2. رووداو.
ڕەشانگ
1. رەشان، گۆشتی بزنی رەش؛ 2. زەوینی بەفر لەسەرلاچوو.
زێوکا
زێوکە، نێوی دوو گوندن لە باشووری کوردستان کە بەعسی وێرانیان کردن.
برزۆ
1. باڵابەرز؛ 2. زیرەک و ئازا؛ 3. نێوی (کوڕی زۆراوی کوڕی رۆسەمی زاڵ) ی لە بنەڕەتدا کورد بووە. ئەم نێوە لە ناو فارسەکانی ئێراندا نێوی خەباتگێڕێکی خەڵکی تووران بووە کە لەناو لەشکرەکەی (ئەفراسیاو) دا بووە و، نێوی "بورزوو" بووە. بڕوانە بەرزۆ.
رێژان
رێژنەی باران، دابارینی بەتاو. لەبارانی توندا خەڵکی دەڵێ: یا ئەڵڵا رێژانی بەخێر.
زێد
1. نیشتمان؛ 2. شار، گوند، یان شوێنێک کە لەوێ لەدایک بووبێتی.
ئاڵیا
پێچرا، تێک ئاڵا.
سۆشین
سیاوەشوون، سەوشوون، گیایەکی قەفئەستووری بەرزە، کە بنی وەک چەوەندەر وایە، وشکی دەکەن و دەیکوتن، ئاردەپەڵووی پێدەڵێن و لە گۆگەم بەرزترە. سۆشین بۆ خۆی چیرۆکێکی هەیە: دەڵێن پاش ئەوەی کە باوەژنی سیاوەش بوختانی بۆ کرد، کە گوایە حەزی لێکردووە و چۆتە سەری، باوکی سیاوەشیش دەڵێ: بۆ رووسووریی سیاوەش، دەبێ سیاوەش لەناو ئاگرێکی زۆر گەورەوە بپەڕێتەوە، ئەگەر سووتا گوناحبەکۆڵە و تاوانبارە و دەمرێ، ئەگەریش بێتاوان بێ دەرباز دەبێ! سیاوەش لەئاگر دەدا و بەساقی دەپەڕێتەوە و رزگاری دەبێ، بەڵام لە جێی ئاگرەکەدا گوڵێکی ئاماڵ سوور و شین، سەوز دەبێ کە نێوی (سۆشین)ی بەسەردا دەبڕن!