سالینا
1. جێگای خۆش و راسا؛ 2. نێوی گوندێکە لە ناوچەی حەکاریی، لە باکووری کوردستان.
سەرۆ
بیرێک کە لە نادییارەوە بەدڵ دەگا، ئیلهام.
ئالین
نزیکبوون.
زێوەر
1. جووانیی، رازاندنەوە؛ 2. خاوەن پلەوپایە؛ 3. نێوی شاعیرێکی کورد بووە لە باشووری کوردستان.
نەوشیروان
نێوی یەکێ لە پاشاکانی ئێران بووە کە بە نەوشیروانی عادڵ بەنێوبانگ بووە.
ژامکۆ
بەرپرسی زەنگی کلیسا.
گلێرە
1. تەرزە، گژلۆک، تگر؛ 2. جۆرێک دانەوێڵە.
کرماجان
1. کرمانجان، کرمانجسان، نشینگای وەرزێران و جووتیاران؛ 2. شوێنی ڕایەت و مسکێنی بەردەستی ئاغا؛ 3. گوندێکە لەلای کەنگاوەر سەر بە ئوستانی کرماشان؛ 4. لە سەردەمی ساسانییەکاندا بە ڕایەت و جووتیارانی بەردەستی بارەگای ساسانییەکانیان گوتووە: کرماج، یان کرمانج، وشەی کرمانجیش نێوی کۆنی کوردەکانە، ئەوڕۆکەش لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گوندیی و دەشتەکی دەڵێن: کرمانج، بۆیە خەڵکی ناو شاری کرماشان بە لادێیی یەکانی دەوروبەری کرماشان دەڵێن: کوردەگە و کرمانج! لەوە دەچێ ئەم (کرماجان)ە هەر نێوی کۆنی کرماشان بێ کە لە مێژووی ئێراند بە بە هەڵە بە (کرمانشاه و کرمانشاهان) ناو دەبرێ و دێهخوداش لە قامووسەکەیدا بە ناشارەزایی باسی کردووە. لە ڕاستیدا دەبێ بگوترێ: کرماشان، نەک کرمانشاه، کرمانشاه وشەیێکی هەڵەیە. بڕوانە بۆ کارمات.
کالان
1. کالانە، جێگەی گلێنەی چاو؛ 2. کاڤلان، کاولان، کێلان، جێگەی خنجەر؛ 3. کۆنە دێ، شوێنەمێنگەی وێران؛ 4. کانزای برنج؛ 5. گیای هەرزە؛ 6. نێوی هۆزێکی کوردە لە کوردستانی باکوور.
سەهەن
1. سەهەنگ، سێبەر، سێوەر؛ 2. کێوێکە لە نێوان کوردستان و ئازەرباییجان؛ 3. سینی نانخواردن؛ 4. سێبەری خەستی دار؛ 5. سەرمای زۆر؛ 6. جۆرێ ترێیە کە (سەهەنەیی) یا (سەهەنپەروەرەدە) شی پێدەڵێن.