خابوور

چەمێکە لە (سەرێ کانی) یەوە سەرچاوە دەگرێ و لە نێوان زاخۆ و سلۆپیشەوە تێدەپەڕێ و یەکێ لەو چۆمانەیە کە دەڕژێتە چەمی فورات لە باکووری کوردستان. حکوومەتی فاشیستی سووریە، نێوی (سەرێ کانی) گۆڕیوە بە (رأس العین)، وەکوو حکوومەتی دڕ و کوردکوژی تورکیە کە نێوی هەموو شار و گوند و دەشت و رۆبارەکانی کوردستانی لەو بەشە داگیرکراوە کردووە بە تورکی!!

باپۆک

باپووک، کڕێوە و تۆفی بەفر کە با دەیهێنێ.

کالان

1. کالانە، جێگەی گلێنەی چاو؛ 2. کاڤلان، کاولان، کێلان، جێگەی خنجەر؛ 3. کۆنە دێ، شوێنەمێنگەی وێران؛ 4. کانزای برنج؛ 5. گیای هەرزە؛ 6. نێوی هۆزێکی کوردە لە کوردستانی باکوور.

یاگە

وشەیەکی هەورامییە واتە: شوێن، جێگە، شوێنەمێنگە.

کۆڤار

گۆڤار، مەجەلەیەک کە حەوتووانە یان مانگانە دەردەچێ.

تۆکمە

بەهێز، زۆردار.

ساز

1. ئامرازی مۆسیقا؛ 2. دڵخۆش؛ 3. دەوڵەمەند؛ 4. ئامادە؛ 5. بارگە و کەلوپەلی سەفەر؛ 6. پاشگری بەواتا سازێنەر.

بەندان

کۆی بەند بە واتای: 1. بەند: بەستن و گرێدان؛ 2. بەند: لەمپەر؛ 3. بەند: پاوەنی پای زیندانیی؛ 4. بەند: کورتە گۆرانیی؛ 5. بەند: قامکی دەست؛ 6. بەند: پارچەیەک لە قەسیدەی شیعر؛ 7. بەند: مانەوە؛ 8. حیلە و دزی؛ 9. جۆگەی گەورە و هەڵبەستراو؛ 10. بەند: مەچەکی دەست؛ 11. بەند: بەستەی کاغەز؛ 12. بەند: قەدەخە، یاساق؛ 13. بلندایی لە تەختاییدا؛ 14. پێنجەم حەوتەی زستان؛ 15. ساڵی جووتکردنی گا، وەکوو گای دوو بەندە و سێ بەندە؛ 16. گیر و گرفت؛ 17. جۆگەی گەورە؛ واتای (بەندان)یش دەبێتە: 1. تێهەڵسوون و هەڵبەستن؛ 2. بەسران و گیران، وەکوو: خەنەبەندان، بەستە و بەندان، رێبەندان. بیــــــرەوەری دووی رێبـەنــدان دەمخاتە سەر بەستە و بەندان (سووارە)

کانیان

1. کۆی کانی، کۆی سەرچاوە؛ 2. گوندێکی کوردنشینە لە ناوچەی خۆی (شاپوور) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە داخەوە لە سەر ئازەرباییجان دێتە ئەژمار.

سرکان

چپەکردن، ورتەکردن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!