سۆنێ

نێوی دێیەکە لە پشت شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان.

سەوزە

1. ئەسمەر، رەشتاڵە؛ 2. سەوزی خواردن؛ 3. جۆرێک کشمیش.

بەندان

کۆی بەند بە واتای: 1. بەند: بەستن و گرێدان؛ 2. بەند: لەمپەر؛ 3. بەند: پاوەنی پای زیندانیی؛ 4. بەند: کورتە گۆرانیی؛ 5. بەند: قامکی دەست؛ 6. بەند: پارچەیەک لە قەسیدەی شیعر؛ 7. بەند: مانەوە؛ 8. حیلە و دزی؛ 9. جۆگەی گەورە و هەڵبەستراو؛ 10. بەند: مەچەکی دەست؛ 11. بەند: بەستەی کاغەز؛ 12. بەند: قەدەخە، یاساق؛ 13. بلندایی لە تەختاییدا؛ 14. پێنجەم حەوتەی زستان؛ 15. ساڵی جووتکردنی گا، وەکوو گای دوو بەندە و سێ بەندە؛ 16. گیر و گرفت؛ 17. جۆگەی گەورە؛ واتای (بەندان)یش دەبێتە: 1. تێهەڵسوون و هەڵبەستن؛ 2. بەسران و گیران، وەکوو: خەنەبەندان، بەستە و بەندان، رێبەندان. بیــــــرەوەری دووی رێبـەنــدان دەمخاتە سەر بەستە و بەندان (سووارە)

ئەنگۆرە

1. دەمی ئێوارە؛ 2. سەرەتای هەڕەت و گەییشتنی میوە و سەوزەوات؛ 3. ئەوکاتە، ئەوسا، ئەودەم.

پرژۆڵ

1. پرزۆڵ، وەکوو ریشکی گەنمەشامی؛ 2. پرژ و بڵاو، پەرێشان؛ 3. ریشک و پرزۆڵەی قوماش و پارچە.

سایەک

سێوەر. بڕوانە سایە.

سەران

1. ئینسانانی باش؛ 2. کێوان، بەرزاییەکان.

زەنوێر

جێگەی بڵند و هەوای سازگاری چیا.

پاکۆسا

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باشووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

ئەفروون

نێوی شاری کوردنشینی کووت بووە لە باشووری کوردستان لە سەردەمی ساسانییەکاندا. بڕوانە (زۆندۆر).

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!