ڕازاو

لە وشوی رازاوە وەرگیراوە، رازاوە، جوانکراو.

گلێنە

1. ڕەشایی خڕی چاو؛ 2. سپیایی و ڕەشایی چاو کە لەناو کالانەی چاودایە؛ 3. کزن، دانەوێڵەیێکە کە گای پێ قەڵەو دەبێ؛ 4. نێوی گوندێک بوو لە کوردستان که بەعسی وێرانی کرد.

شۆخان

1. کۆی شۆخ، شۆخوشەنگ، جووان و چەلەنگ؛ 2. سپیندار؛ 3. شاخ تێهەڵدان.

کۆژین

نێوێکی تازەیە و واتای (کۆی ژیان)، یان ژیان هەمووی پێکەوە دەدا. بڕوانە کۆرەنگ و کۆیبن.

فەروار

1. هەوارگەی زستانانی کۆچەران؛ 2. فەرمان، حوکم.

وەسان

1. ئاوەها؛ 2. لەکارکەوتن؛ 3. مانووبوون؛ 4. پاشگری نێوی گوندی (شێخ وەسان)ە لە ناوچەی بالیسان لە کوردستان.

مانا

1. گوزارە، نیاز لە قسە یان نووسراو؛ 2. واتا؛ 3. وێکچوو، وێنوێن؛ 4. لە زەند و پازەندی ئاوێستادا بە واتای پەروەدگار و ئیزەد هاتووە؛ 5. تیرەیەکی کۆنی کورد بوونە کە لە خوارەوەی دەریای ورمێ ژیاون و پاشان کە بە دەسەڵات گەییشتن، پاتەختەکەیان بردە شاری زیویە یا (ئیزیرتوو) لە 50 کیلۆمیتری شاری سەقز. کۆنترین دەوڵەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی مانایی یەکان بووە که یەکەم دەوڵەتی یەکگرتووی ناوچەکە بووە و مەڵبەندێکی بەرینی گرتۆتە خۆی و خاوەنی دەسەڵاتی لەشکریی و توانای ئابووری بەهێز بووە کە لەبەرانبەر ئاشوورییەکان و ئۆرارتۆکانا ڕاوەستاوە و دێریکی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەزارەی یەکەم و کۆتایی هەزارەی دووهەمی پێش زایین، واتە ئەو سەردەمەی کە ئارییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا هاتوون؛ ماناکان بەشێک بوونە لە یەکیەتی هۆزەکانی لۆلۆیی و گۆتی کە لە مەنزوومەی زاگرۆس جیا دەبنەوە و خاکەکەیان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی باشووری گۆلی ورمێ هەتا ڕۆژاوای باشووری زەریاچەی کاسپین بەتایبەت نێوان مەراغە تا سەقز و بۆکانی گرتۆتە بەر و بۆکانیش شارێک بووە لە شاری مانایی یەکان؛ ڕۆسا یەکەم شای ئۆرارتۆیییەکان لە هێرشی خۆیدا بۆ سەر ماناییەکان، 22 قەڵا یان 22 شاری مانایی یەکان داگیر دەکا، بەڵام سارگۆنی پاشای دووهەمی ئاشوور، لە 715 تا 716ی بەر لە زایین لە ڕواندز و حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو پیرانشار و سندووس داگەڕاوە و پاش ماوەیەک ڕۆییشتن بەرەو زەریاچەی ورمێ گەڕاوەتەوە و لەشکرەکەی بە ئیندرقاش و قومقەڵای سابڵاغدا بەرەو میاندوئاو بە چەمی تەتەهۆدا خۆی گەیاندۆتە شیز واتە ئاورگەی ئازەر گوشەسپ و پاشان چۆتە سایین قەڵا کە ئەودەم نێوی (ئەوکان) بووە، لەوێ دڕندانە بەلووزەو داویەتی بە سەر مانایی یەکاندا، بەڵام دیسانیش هەر تێک نەچوونە تا دواتر مادەکان دەستیان بە سەر خاکەکەیاندا گرتووە؛ ئەم تیرەیە بە گوتەی برتانیکای ئینگلیسیی، کە لە ئینسکلۆپیدیای زمانی ئینگلیزیدا باسی کردووە: ماناکان لە لایەن سێ هێزی گەورەی سەردەمی خۆیانەوە گەمارۆ دراون، واتە: ئاشوور و ئۆرارتۆ و ماد، بەڵام دوای هێرشی سەکایییەکان و پەیدابوونی ماد، لە سەدەی حەوتەمی بەر لە زایین، ناسنامەی تیرەیی خۆیان لە دەست داوە و چوونەتە ژێر دەسەڵاتی مادەکان و دوژمنی گەورەی ماناکانیش دەوڵەتی ئاشوور بووە کە دوایی بە دەستی مادەکان تێدا چوون. بڕوانە دوو وشەی (مانای) و (مانیان).

گوڵڕوخسار

روخسار وێنەی گوڵ، ڕوومەت وەک گوڵ.

لۆرکێ

1. لۆرک، لۆرکە، خواردنێکە لە چەشنی فرۆ، کاتی درووستکردنی پەنیر ئەو ئاوەی کە پەنێرەکەی لێدەگرن و دەمێنێتەوە، جارێکی دیکە دەیکوڵێنن و جەستەیەکی خەستتر و سفتتر لە پەنیری لێدەگرن کە پێی دەگوترێ: لۆرک؛ لۆرک لەناوچەی موکریان و سەرەوەی کوردستان زۆرە و لە باشووری کوردستان نییە؛ 2. هەروەها لۆرکێ واتە: ئەسرین، فرمێسک؛ 3. لایلایە، لۆری لۆری؛ 4. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

نەونیگا

نیگای تازە، نیگای عاشقانە. بڕوانە بۆ نەوزەڕ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!