ئینان
باوڕپێکردن، متمانەپێکردن. ئینان بکە لە لای من نییە.
کۆکەن
1. چیاکەن؛ 2. سەرنێوی فەرهادی لوڕ یان فەرهادی کۆکەنە، ئەوینداری بەنێوبانگی شیرین؛ 3. ئاڵفبڕین، کاتی دروونی گیا و گزرە بۆ مەڕوماڵات لە زستاندا.
ژەرەژان
1. کۆی وشەی ژەرەژ، پۆلەژەرەژ؛ 2. نێوی کێوێکە لەلای زەنگان یان زەنجان کە کەوی زۆرە و لادێکانیشی کوردن.
سەرمەد
1. هەمیشە؛ 2. پەیتاپەیتا؛ 3. زیندوو.
لەنگێزە
رەهێڵە، لاسامهی باران.
هەساران
1. کۆی هەسارە یان ئەستێرە؛ 2. کۆی هەسێڵ و گۆل؛ 3. کۆی حەوش و حەسار؛ 4. تیرەیەکی گەورە بوونە لە کورد کە بڵاوەیان کردووە و لەناو تیرەگەلی دیکەی کورددا، تواونەتەوە.
شەمۆڵە
گیایەکی دەسچنە، وەکوو پۆلکە و گەنەمە، دەیدەن بە مەڕوماڵات، چونکە پێی قەڵەو دەبێ.
کاوژان
گوندێکە لە خوارووی گوندی بێژوێ لە ناوچەی ئالان بەشی سەر بە سەردەشت. بڕوانە بۆ کاژان.
بێرەسا
ئەو شوێنەی کە مەڕی لێ مۆڵ دەدەن بۆ دۆشین.
بەدری
مانگی تەواو، مانگی شەوی چوواردە.