لاوک

1. گۆرانیی درێژ و کەون؛ 2. هەوای قەتارێکی کوردیی کۆنە؛ لاوک بە ناوەڕۆک شێوە و جۆری جیا لەیەکی هەیە کە باسی رووداوی حەماسی و راستەقینەی تێدایە. ئەم هەوایە لە لایەن گۆرانیبێژانی بەنێوبانگی وەکوو: کاووس ئاغا و حەسەن جزیریی و عارف جزیریی و حیسا بەرواریی و مریەم خان و هیدیکەوە گوتراوە و بەیتە کۆنەکان بە لاوک گوتراون. دیسان لاوک واتای کوڕ دەدا. بۆ نموونە لە زاراوەی کرمانجیدا دایک یان باوک ئەگەر بێژن دوو کوڕمان هەیە، دەڵێن: دوو لاوکێن مە هەنە. گزنفۆنی یۆنانیی کە ساڵی 401 ی بەر لە زایین، بە بانگهێشتنی کوورۆشی کوڕی داریووش هاتۆتە وڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە، لەکاتی گەڕانەوی 12000 سووارەکەیدا بۆ یۆنان، لە کوردستان 355 تا 430 ی زایینیی، تووشی شەڕ دەبن! گزنفۆن لە ئاناباز (گەڕانەوە) دا دەڵێ: (کاردۆخییەکان کە ویستیان هێرش بکەنە سەرمان، جۆرێک سروودی پڕجۆش و خرۆشیان دەگوت کە ریتم و میزانی نەبوو!) بە پێی گوتەکانی گزنفۆن، ئەو سروودە پڕجۆش و خرۆشە دوور نییە هەر ئەو لاوکە‌ بێ کە ئەمڕۆ لە کوردستان ماوەتەوە و ریتمی نییە و ئازاد دەگوترێ!

ژامەک

نێوی کۆنی گوندێکی کوردنشین بووە، لە ناوچەی سێواس، لە باکووری کوردستان، کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

لیرا

`گیای شاتەرە.

لاس

1. لاز، لاج، لاوی جووانچاک؛ 2. لاخە، گیای دووراوی نەبەسراوی کۆمنەکراو؛ 3. دەنگی گەماڵ لەکاتی تاوکردنی دێڵەبەبادا؛ 4. دارێکە لە دارسنجوو دەکا و دڕکی نییە؛ 5. کۆمای گزرە؛ 6. ژەنین یان پێوەدانی گۆڵەسەگ لە دەسان؛ 7. فریو؛ 8. ریخ یان لاسی گا، شیاکە؛ 9. نێوی قارەمانی چیرۆکی (لاس و خەزاڵ) ە کە لاس خەڵکی باڵەک و لە هۆزی باڵەکیان بووە.

کاردوو

1. تۆمی گیایەکە لە گەنم دەکا و رەنگی رەشە؛ 2. گیایەکی گەڵا پانە لە ناو سماقا زەردی دەکەن و دەیکەن بە چێشت.

سێنارە

گوندێکە لە لای دۆڵەبەکر و شێراوا نزیک پردێ (ئاڵتوون کوپری) لە ناوچەی کەرکووک لە باشووری کوردستان .

بەستێن

1. رەخی رۆبار، زیخەڵانی دەم رۆخانە، گوێی چەم، قەراخ چۆم؛ 2. زەمینە، وەکوو: لە بەستێنی هونەردا: لە زەمینەی هونەردا.

رۆهات

بەرەوبوو. (کێوەکە وەرەقەی کرد و بەسەرماندا رۆهات).

ئاماژه

نمار، راگەیاندنی مەبەست بە جووڵاندنی چاو و دەست.

سەرهات

1. سەرگوریشتە، بەسەرهات؛ 2. رووداو، بوویەر.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!