کاری

1. کاریگەر و کارتێکەر، قووڵ و بڕێنەر، وەکوو برینەکەی زۆر کارییە‌؛ 2. بەکار، بەهێز، تێکۆشەر، ئازا لەکاردا.

سەراس

1. ناوازە؛ 2. تایبەتی.

لێلان

لەیلان، بالۆرە، لەرانەوەی دەنگ لە گۆرانیدا.

خامان

جۆرێک پارچه‌ی سپییه‌ بۆ کراس.

ڕەڤۆک

1. سڵ، سرک؛ 2. قوشقی، تووڕە، تۆسن، گیاندارێ کە لە ئینسان بترسێ و هەڵێ.

سامان

سەروەت، پووڵ و ماڵ.

جاموور

1. ئەم نێوە لە بنەڕەتدا (چەرموو)ە، بە واتای سپی و چەرمگ، بەڵام تورک ئەم نێوەی گۆریوە و کردوویەتی بە جاموور؛ دیارە نە تەنیا ئەم نێوە، بەڵکوو هەزاران نێوی دیکەی کردووە بە تورکی. بۆ وێنە ئەگەریش جاموور بێ، لە بنەڕەتدا (گاموور) بووە، (گا و موور)، واتە جووت و گا و نیر و ئاموور، کە‌ واتای چاندەکار و وەرزێر دەدات، واتە ئەو خەڵکەی کە کاری کشتوکاڵ دەکا؛ بەڵام سوور دەزانم کە جاموور نییە و (چەرموو)ە، بە واتای سپی، چونکە لە کوردستان ئەم نێوە، وەکوو پاشنێویش بە زۆر نێوی دیکەوە لکاوە، بۆ وێنە (کێلەچەرموو) و (کوچک چەرموو) و زۆری دیکە؛ 2. گوندێکە لە باکووری کوردستان، کە لە بنخاکدا دۆزراوەتەوە و 9000 ساڵ لەمەوبەر هەبووە و دوکتۆر رابێرت برایدوود، لە زانکۆی شیکاگۆ، لەسەری لێکۆڵینەوەی کردووە.

ئارتین

1. لە ریشەی وشەی (ئار)ی ئەوێستایی یەوە هاتووە و واتای (ئاگرپەرست) دەدا؛ 2. پیرنیا لە (تاریخ ایران زمین) دا دەڵێ: ئارتین، نێوی حەوتەمین پاشای مادەکان بووە. ئەو نێوانەی کە لە دوو وشە پێکهاتوون و وشەی یەکەمیان (ئار)ە، بە زۆریی لەناو ئەرمەنییەکاندا باوە و کوردین. زۆربەی ئەو نێوگەلەی کە بەوشەی (ئار) دەست پێدەکا، وەکوو: (ئارتین، ئارهان، ئاراس، ئاران، ئاردەوان، ئاردەڵان، ئارژەنگ، ئارساماس، ئارکاناس، ئارسان، ئارشام و ئارکاس) و هیدیکە، لە ریشەی وشەی کۆنی مادی و ئاوێستایین و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمانە. بڕوانە وشەی ئار.

داسنێ

گوندێکە لە ناوچەی سیدەکان لە باشووری کوردستان.

خەزان

1. خەزام، بەرۆش، مەنجەڵ، تێانە، قازان؛ 2. زەردبوونی گەڵای دار لە پاییزدا، گەڵاخەزان، گەڵاڕێزان، خەزەڵوەر؛ 3. تیانەی گەرماو یا حەمام.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!