دەستەوەر

1. پاوه‌ر؛ 2. ده‌سته‌به‌ر.

بێرکۆت

1. شوێنی چڕ و بژوێن کە بۆ ئاژەڵداری لەبار بێت؛ 2. گوندێکی بچووکە لە پەنا هەولێر کە عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیری لێ لەدایک بووە.

گاتا

ئەم وشەیە چەندین واتای‌ لە زمانی کوردیدا هەیە من تەنیا چەند دانەی دەنووسم: 1. گاس، گات، گاز، کە بە کوردیی واتە: بانگکردن، قاوکردن، چڕین، وەکوو شیلانم بۆ گاز کە؛ 2. جێگای زۆر بەرزی چیا، لووتکە، ترۆپک؛ 3. قەڵشتی شاخی بەردین؛ 4. چڕین بە هەوای خۆشی گۆرانی؛ 5. هۆنراوەکانی زەڕدەشت؛ 6. ئەو گۆرانییە ئایینیگەلەی کە گۆسانەکان چڕیویانن؛ 7. ئەو هۆنراوە بیستبڕگەییانەی کە لە سەردەمی زەڕدەشتدا وەکوو سروود خوێندراون و ئەمڕۆکە شوێنەواریان لە هەموو کوردستان ماوەتەوە! گاتاکان، کۆنترین و پیرۆزترین بەشەکانی ئاڤێستان کە لەناو یەسنادا هەڵگیراون، یان لە ناو یەسنادا ماونەتەوە؛ بە کۆی هەموو گاتاکانیان گوتووە (گاسانیک) و بەو گۆرانیبێژ یان بەیتبێژانەی کە ئەم گاتاگەلەی چڕیوە، گوتراوە: (گۆسان) واتە: بەیتبێژ یان بێژەری گاتاکان! بە پێی لیکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانە گاتاکان کوردین، یان بە کوردییەوە نزیکن! نێوی زەڕدەشت لە بنەڕەتدا (زەڕەتا وەشتەرای) یە کە لە دوو وشەی (زەڕەتا) واتە نوور و (وەشتەرای) ش واتە داباری پێکهاتووە و واژەکان کوردین! گاتاکانیش زەڕدەشت و هەندێ لە پەیڕەوانی نووسیویانە کە وشەکان بە وشەگەلی هەورامی و کەڵوڕیی یەوە نزیکن کە ئەوانیش دوو زاراوەی کۆنی زمانی کوردین! ئەم گاتاگەلە ئەگەریش کوردیی نەبن، لانیکەم دەتوانین لە 1000 وشە، زۆرتر لە 600 وشە کوردیی تێدا دەربێنین کە لە زمانی کوردیدا هەن و ماون،

بەرسام

نێوی یەکێ لە سەردارەکانی یەزگردی ساسانی بووە.

هەوری

1. پارچەیەکی ئاوریشمی ناسکی سپییە بۆ سەرپێچ و ڕووبەندی ژنان بەکار دێ؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

چۆپی

1. هه‌ڵپه‌ڕکێ، گۆڤه‌ند؛ 2. ده‌سماڵی ده‌ستی یه‌که‌م که‌سی کۆڕی سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێ؛ 3. ریتم یان به‌زمێکه‌ له‌ کوردیدا که‌ عه‌ره‌بی عێراق به‌نێوی خۆیان تاپۆیان کردووه‌ و هه‌ر پێشی ده‌ڵێن: چۆپی!! 4. نێوی گۆرانیبێژی به‌نێوبانگی کورد، (چۆپی خانم)ه‌ که‌ خه‌ڵکی که‌رکووکه‌.

حەرسیلە

حه‌رسیل، به‌ردی بناخه‌ی گۆشه‌ی دیوار.

ڕەوە

1. رەوەئەسپ؛ 2. لۆس یان لیسیکی گەورەیە گەزۆی پێ دەتەکێنن.

مرواری

لوولوو، گەوهەرێکی دەریایی ناو سەدەفە، بەردێکی جووانی سپییە کە زۆر بەنرخە.

دیمەک

1. داری ناو دیوار بۆ قاییمی؛ 2. جێگه‌ی گاسن له‌ ئامووردا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!