بێخاڵ

1. سادە و بێخەوش؛ 2. بەفری سپی؛ 3. ئاوی پاک و بێگەرد؛ 4. شوێنێکی پڕئاوی چەندئاشگەڕێنە نزیک بە شاری رواندز، لە کوردستانی باشوور کە بە سەیرانگایەکی یەکجار خۆش و دڵگیرە و بە یەکێ لە هاوینەهەوارەکانی کوردستان دێتە ئەژمار.

بەرزام

نێوی باپیرە گەورەی مانی نەقاشی بە رەتەوە کوردە به گێڕانەوەی مێژوو.

ئاوات

مراز، هیوا، ئارەزوو

ئاروین

1. تاقیکردنەوه، راکاو، راکاوێن، (ئەو رۆنە راکاوێنە، بزانە خاوێن)ە، دەسهات؛ 2. له ‏شازادەکانی ئۆرارتویی ‏باوکی ئارەشی کەوانگر؛ 3. ئەزموون، وشەیەکی کۆنی پالەوی (کەڵوڕیی)یە و واتای تاقیکردنەوە دەدا. بڕوانە وشەی ئار.

ئەژی

1. دەژی، نامرێ؛ 2. دەهێنێ، هەڵدەگرێ. وەکوو ئەوەندە پارە هەڵدەگرێ و بەو نرخە گران نییە؛ 3. نێوی (ئەژی گۆران)ی شاعری کوردی کوڕی مامۆستا (گۆران)ی شاعیری پایەبەرزی کورده.

ئێرمان

میوان

نەسران

تیرەیەکی کورد بوونە کە لە شاری کووتی کوردنشینی باشووری کوردستانی ئێراقدا ژیاون، بەڵام لە سەردەمی حوکوومەتی بەعسدا زۆربەیان دەرکران و عەرەبیان لە شوێنیان دانا.

بەرسان

پێشقەرەوڵ، ئەو کەسەی کە لە پێش لەشکرەوە رێ دەکا، یان ئاڵاهەڵگری سانە. بڕوانە سان.

موکری

1. موکوڕ، مکووڕ، خەستۆ؛ 2. بوێر، نەترس و ئازا؛ 3. خەڵکی سەرسەخت و یاخی؛ 4. چیانشین؛ 5. نێوی هۆزی موکرییە لە موکوریان کە داگری چەندین شار و ناوچەیە. دوای ئەوەی کە شاری کۆنی ئادریاس، لە نزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لەسەر تەپکی مەحموود خان، دانیشتوانی رووی لە کەمی کرد، شارۆچکەیەک ساز بووە بە نێوی مەکران، کە وشەی موکوریان لەو وەرگیراوە. شارۆچکەی مەکران، بەگەورەیی و گرنگی دوو شار چێری و ئادریاس نەبووە، ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هەندێ شتی ئەنتیکەیە کە وەدەست کەوتووە. نزیکەی چووارسەد ساڵی بەر لە زەمانی سەفەوییەکان، شاری سابڵاغ (ساوجبڵاغ)، کە وشەیەکی تورکیە و واتە: کانیسارد، ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لەناو چوو. سەفەوییەکان هەرچەند بە بنەڕەت کورد بوونە، بەڵام زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی برادۆست و موکوریانییان سەرکوت کردووە و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوونە. هۆزی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک نزیک قاراوی مەنگوڕ، لەسەرمان قڕیان هاتووە و ئێستا بەو کێوە دەڵێن: موکریقڕان. بۆ موکوریانیش مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ: موکوریان لە بنەڕەتدا موغریان بووە کە گۆڕدراوە بە موکوریان واتە: رێگای موغەکان، یان ئاگرپەرستەکان. ئاترگەی شینر لە تیکاپ و پەرسگەی کەرەفتوو لەلای سەقز، کە هەموویان لە ناو خاکی کوردستان هەڵکەوتوون، جەختن بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم بەڵگەیە.

هەراش

1. هەڵچوون و لەگەشە؛ 2. گیا، یان منداڵی ساق و لەگەشە؛ 3. ئەو گەڵا و چڵووکەی کە بەسەر دارەڕای دادەدەن، ئاڵاش؛ 4. ڕێزاڵ، لەبەریەک هەڵوەشاو.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!