هەڤرس

هورس، وەرس، هەڤریست، هەڤریسک، عەرعەر، دارێکە وەک سنەوبەر، چەند جۆرە و لە خاکی شێداردا دەڕوێت کە لە گوڵ و لم پێک هاتبێت، هەروەها لە خاکی وشکی بەردەڵان و چەوریشدا کە بەردەوام هەتاو لێی بدات، دەڕوێت؛ هەڤرس بە تۆو و بە قەڵەم دەڕوێت و پاش ساڵێک ڕیشە دادەکوتێ. لە ناوچە ساردەکانی ئاسیا و ئورووپا و ئامریکا و ئامریکای باکووریی زۆرە و لە کوردستانیش لە ناوچە شاخاوییەکان زۆرە؛ جۆرەکانی ئەم دارە، هەمیشە سەرسەوز و بۆنخۆش و ستوونیی و قیتن، گەڵاکانی لە شێوەی دەرزین، بەرەکەی لەپێشدا سەوزە، بەڵام کە پێدەگات لە ترێ دەچێت، لە دۆژ مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا گوڵ دەکا، داری هەڤرس لە درووستکردنی تەختەی شوورە و پەرژین و هێڵی قەتاری ڕێئاسندا کەڵکی لێوەردەگرێت، هەڤرسی وا هەیە کە 70 تا 100 پێ هەڵدەچێ، هەڤرسی واش هەیە کە 6 پێ زیاتر هەڵناچێ.

هۆما

1. هوما، هومای، بە زاراوەی زازاکی واتە: یەزدان، خودا، خودێ، پەروەردگار؛ 2. دڵبەستن بە ئەنجامدانی کاری چاک یان خراپ؛ 3. گۆرانیگوتن بۆ منداڵ بە مەبەستی کردنەخەو؛ 4. مەلێکە کە لە میتۆلۆژی ئێراندا وا باوە کە: سێوەری بکەوێتە سەر سەری هەرکەسێک دبێتە پاشا و خاوەن تاج و تەخت؛ 5. گوندێکی کوردنشینە لە ناوچەی برووجرد.

تەنیا

تاک، بەتەنێ، تاکەکەس، تاقەشت.

وەرسان

پسیان، قرتیان، بڕیان، پچڕان.

گژنیژە

1. گژلۆک، تەرزەی ورد؛ 2. زبربوونی پێست لە سەرما؛ 3. جۆرێک خشڵی ژنانە؛ 4. نێوی گۆرانییەکی کوردییه، یارگژلووکێ‌.

بازەڵە

بازەڵێن، 1. بەڵەکی کەم؛ 2. شەرمشکاو؛ 3. خڕکەڵە و هەراش؛ 4. قەمچان، بەردان، گەمەیەکە بە بەردی لووس دەکرێ.

چلچرا

چرای چه‌ندلق که‌ له‌ مزگه‌وت و گه‌وره‌ماڵاندا هه‌ڵده‌کرێ.

چاپان

1. کۆی شەقڵی خەرمان، چەند شەقڵ پێکەوە؛ 2. دوو گوندن لە دۆژ گوندەکانی (پاسارنیان و ئینچک و سونەتە) لە ناوچەی بانە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان. چووار رێی چاپان بەنێوبانگە.

ژاکۆ

نێوی چیایەکە لە ناوچەی سەرحەد لە باکووری کوردستان.

کەومل

1. مل بەرز وەکوو کەو؛ 2. ئاماژە بە کچ یان کیژی گەردنبەرز؛ 3. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!