بەسنا
شەتەکدا، توند بەستن.
کڵاولار
1. ئەو ژنانەی کە سەرولای کوردی دەبەستنەوە؛ 2. ئاماژە بە کچ یان ژنی جوان و چەلەنگ.
فەرات
1. فرەهات؛ فورات، فرات؛ 2. تیژڕۆ؛ 3. چۆمی پڕئاو؛ 4. ئاوی شیرین و پاک بۆ خواردنەوە؛ 5. چۆمێکە لە دوو کەرت پێک دێ، کەرتێکیان چەمی قەرەسووە، کە لە (دوملوتەپە) ی باکووری ئەرزەڕۆم لە کوردستانی باکوور سەرچاوە دەگرێ و 640 کیلۆمیتر درێژایی یە و سەرچاوەی کەرتەکەی تری کە پێیدەڵێن: چۆمی موراد و قەرەسوو، لە باکووری رۆژاوای شاری ئەلازیک، لە کوردستانی باکوور سەرچاوە دەگرێ و هەموویان وێک دەکەونەوە و چۆمی فورات پێک دێنن، کە 647 کیلۆمیتری دیکەش بە کوردستاندا دەڕوا. فورات و دیجلە لە نزیک شاری بەسرەوە تێکەڵ دەبنەوە و دەبن بە یەکاوی عارەبان (شطٌ العَرب)، کە دەڕژێنە کەنداو (خلیج) ی فارسەوە.
کارس
هەرزن، هەرزنە گەورە، دانوولەیەکی خۆڵەمێشیییە کە تامی تاڵە و ساقەت و گوڵەکەشی وەکوو جۆیە.
شیلاز
نێوی گوندێکە لە ناوچەی دهۆک لە باشووری کوردستان.
شەمامە
1. شەمامۆک، میوەیەکی بۆنخۆشە لە شێوەی کاڵەک بەڵام بچووک و خاڵخاڵ و خەتخەت؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.
خێوەن
خێو، خاوەن، خودان.
دادیلە
وشهی دواندنی خوشکی چکۆله.
بەندان
کۆی بەند بە واتای: 1. بەند: بەستن و گرێدان؛ 2. بەند: لەمپەر؛ 3. بەند: پاوەنی پای زیندانیی؛ 4. بەند: کورتە گۆرانیی؛ 5. بەند: قامکی دەست؛ 6. بەند: پارچەیەک لە قەسیدەی شیعر؛ 7. بەند: مانەوە؛ 8. حیلە و دزی؛ 9. جۆگەی گەورە و هەڵبەستراو؛ 10. بەند: مەچەکی دەست؛ 11. بەند: بەستەی کاغەز؛ 12. بەند: قەدەخە، یاساق؛ 13. بلندایی لە تەختاییدا؛ 14. پێنجەم حەوتەی زستان؛ 15. ساڵی جووتکردنی گا، وەکوو گای دوو بەندە و سێ بەندە؛ 16. گیر و گرفت؛ 17. جۆگەی گەورە؛ واتای (بەندان)یش دەبێتە: 1. تێهەڵسوون و هەڵبەستن؛ 2. بەسران و گیران، وەکوو: خەنەبەندان، بەستە و بەندان، رێبەندان. بیــــــرەوەری دووی رێبـەنــدان دەمخاتە سەر بەستە و بەندان (سووارە)
ئارێز
1. ئاوڕێژ، کانیاوی مشەمەر؛ 2. ئاودڕ؛ 3. کێوێکی بەرزە کە لە باکووری شاری سنە لە سەر رێگای سنە بۆ مەریوان هەڵکەوتووە، ؛ 4. نێوی یەکێ لە سەردارەکانی ماد بووە؛ نێوی گوڵێکی بۆنخۆشی تەمەنکورتە.