ژێوان
ژێڤان، سازلێدەر، ژەنیار.
بێژا
بە وتە، قسەکەر.
ئاڤین
ناوێکی کرمانجییە، بە واتای لە شێوەی ئاو، وەک ئاو
سۆنە
چەشنێک مراوییە کە بە نێرەکەی دەگوترێ: سەرسەوز و بە مێچکەکەی: بۆرچیل یا بۆرچین. لە دیاربەکر و دەوروبەر بە سۆنە دەڵێن: وەردەک.
بەرزۆ
1. برزۆ، باڵابەرز؛ 2. نێوی کوڕی زۆراوی کوڕی رۆسەمی زاڵ بووە.
تۆژین
لە بنج و بناوانی شتێک کۆڵینەوە.
هەزارە
1. هاتوچۆی کەروێشک لەسەر بەفر؛ 2. بەردی قیتی لێوارەی حەوز؛ 3. لێوارەی تاقی ناو دیوار؛ 4. خەوزڕان و خەیاڵاتکردنی ناو جێگە؛ 5. بیرەوەریی هەزاران ساڵەی مردن یان لە دایکبوونی ئینسانی بەنێوبانگ. وەکوو (هەزارەی سەلاحەددینی ئەیوبی)
کاوە
1. ئێش و ئازارێکە بە هۆی کارکردنی زۆرەوە لە لەشدا پەیدا دەبێ؛ 2. نێوی کاوەی کوردی قارەمانی داستانی ئەفسانەیی (کاوە و ئەژدەهاک)ە، کە ئەژدەهاکی کوشت و (فەرەیدو)ی فارسی لە جێگای دانا. بڕوانە ئەژدەهاک.
سالمە
گیایەکی سەلکداری بەهارییە لە مێرگدا دەڕوێ، سەلکەکەی وەک پەنجەی مناڵی ساوا وایە و وشک ئەکرێتەوە و بە هاڕدراوی دەکرێ بە هەوێنی دۆڵمە و زۆر بەنرخە و بەکاری زۆر شت دێ.
شەڵاڵ
1. خوێناویی، خوێنین، خوێناوڵ؛ 2. ڕیزە دروومانی دەرەوە.