رێشانکۆ

نێوی هۆزێکی کورد بووە، لە ناوچەی هایمانی لای ئآنکارا، کە بە دەستی عوسمانییەکان هەڵداژراونەتە بولغارستان و بۆسنی.

ئار

1. لەو سەردەمەدا پێشبەندی (ئار) بە واتای (ئاگر و پاک) بۆ رێزدانان لەو شتانەی کە (پاک و پیرۆز) ‌بوونە بەکار براوە، وەک: ئاریاکیس، ئاریبانس و ئارچاری؛ لە راستیدا نێوی ئارچاری، چاری بووە کە هەر دەبێتە چێری. 2. وشەی (ئار) لە زمانی کوردیدا واتای ئاگر و رەنگی سوور دەدا کە لە ریشەی وشەی (ئار)ی ئەوێستایی یەوە هاتووە و واتای (ئاگرپەرست) و (سوور) دەدا،‌ لە زمانی پالەوی یان کوردیی کەڵوڕیشدا هەر ئەو واتایە دەدا و گوتراوە (ئارووس)؛ 3. (گەورە و مەزن)؛ 4. واتای (ئێش و ئازار) دەدا و لە زاراوەی کەڵوڕی (پالەوی)ی کۆنیشدا هەر ئەو مانایە دەدا؛ 6. هەروەها (ئار) مانای سپیکەلە یان چەرمەڵەش دەدا؛ 7. پاشگری بکەرە و بە هەندێ وشەی چووکەوە دەلکێ و نێوێکی دیکەی چاوگ ساز دەکا؛ وشەی ئاراراتیش دوور نییە لە وشەی ئار و ئاور کەوتبێتەوە، لەوانەیە ئەم وشەیەشیان بۆیە لەسەر ئەم کێوە دانابێ‌، چونکە کێوێکی سەر بە ئاگر یان گڕکانە، تورکەکانیش وشەی ئاگریان گۆڕیوە بۆ (ئاغر) و وشەی (داغ)یشیان کە وشەیەکی تورکییە و واتای چیا دەدا پێ زیاد کردووه و نێویان ناوە آغریداغ‌؛ حوکوومەتی تورک، وشەی (داغ)ی بۆیە بە وشەی کوردی ئاگرەوە ناوە و کردوویە بە (ئاغر)، لەبەر ئەوە بووە کە نێوی کوردیی لەو پارچەیە تێک بدەن و بیشێوێنن؛ چیای ئاگریی لەبەر ئەوەی کە گڕکانە و سەربەئاگرە، بوومەلەرزەی زەمەند و وێرانکاری لێ رادەبێ.

قشڵاخ

1. زستانەوار؛ 2. دێی دابڕاو لە دێی دیکە؛ 3. گوندێکه لەلای سنە کە لەمپەرێکیان لێ بەستووە.

خۆزگە

خۆزیا، خوه‌زی، شه‌ڵا، کاشکای، بری، بریا، ئاواتخواستن به‌ شتێک.

سەنتە

نهێنی، بێدەنگبوون.

سەماس

هێمن، پشوولەسەرخۆ.

بەیتاس

گوندێکە لە 50 کیلۆمیتری شاری مهاباد، کە رێگای مهاباد بۆ سەردەشت بەبەر ئەم گوندەدا تێدەپەڕێ. 1. (بەت) لە زمانی مادیدا واتە گەورە و مەزن، کە هەمان وشەی (بەد)ی پاشگری وشەی (مووبەد)ە، کە لە موو یان موغ و بەت پێکهاتووە؛ 2. موغ واتە بەرپرسی ئایینیی زەڕدەشتییەکان و بەد و بەت و پەت و باد و پات، واتە گەورە و مەزن کە بەسەر یەکەوە، دەبێتە گەورەی زەڕدەشتییان؛ (بەت) لەگەڵ وشەی (بەیت)ی کوردیی کە ریشەکەی لە (پاد)ی ئاوێستایی و (پۆیێت)ی لاتینی کە هەردووکیان واتای شیعریش دەدەن نزیکە و دوور نییە یەک ریشە بن. بڕوانە هۆنیا لە بەشی کچان. ئاس لە زمانی مادیدا بە مانای مەڵبەندە، کە ستێن و ستان و ئوستان و ئاستان، هەر لەو ریشەیەن. لە زمانی پەهلەویدا، ئەو وشەیە بۆتە وستان. لە کارنامەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا، شارستێن، شتەروستان نووسراوە. بەیتاس کە لە بنچینەدا بەتئاس بووە، واتە مەڵبەندی گاوران. لە کوردستان ئاوایی دیکەشمان هەنە کە پاشگرەکەی (ئاس)ە وەکوو: سوێناس لە مەڵبەندی گەورکی مەهاباد، کە سوێئاس بووە بەمانای مەڵبەندی نوور؛ هەروەها نەڵاس لەلای سەردەشت کە وێدەچێ نێڵئاس بووبێ کە واتای مەڵبەندی ئاور دەدا. بڕوانە بۆ گۆران.

گوڵەزەردە

جۆرێک گوڵە کە ڕەنگی زەرد و جوانە.

نەوا

1. نەک، نەبایە، نەوەکوو؛ 2. ئەنوا، پەناگا؛ 3. نە بەمجۆرە؛ 4. قەتارێکە لە مۆسیقای ئێرانیی و کوردیدا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان؛ 5. ژنی جلوبەرگ خاوێن و تەیار؛ 6. کیژی تازەپێگەییشتوو؛ 7. ئاواز، سۆزی گۆرانی، ورینگەی خۆش؛ 8. ماڵ و سامان.

شالوور

ریشۆڵەی رەش، گاوانی.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!