بەرفێ

ئاماژە بە بەفر، وەکوو بەفر.

سەیوان

1. سابات؛ 2. چەتر؛ 3. خەرمانەی مانگ.

سەکر

1. داخستن، پێوەدانی دەرگا و پەنجەرە؛ (دەرگاکە سەکر کە)؛ 2. پاشماوەی (سەکا)کانن و (سەکا) یەکێک لە تیرە گەورەکانی رەگەزی ئارین کە لە ریزی ماد و پارتدا نێو دەبرێن؛ سەکاکان لە کۆندا لە سیستان و ئەفغانستان و مازندەراندا بڵاو بوونەتەوە. لە دوای ئەوەی کە تیرەی مانایی زیاتر لە چووار ساڵان حوکوومەتیان کرد، شکست دەخۆن و ماوەیەک حکوومەت دەکەوێتە دەست سەکاکان. سەکاکان لە بەرانبەر شاری زێوە یان زێویە کە لە کوردستاندایە و یەکێک لە گەورەشارەکانی مانایی یەکان بووە، شاری سەقز ساز دەکەن. وشەی سەقز یان سەکز لە وشەی سەکا وەرگیراوە. پاشان وردەوردە سەکاکان بوونەتە کورد و نێویان لە مێژوودا بە سەکر بڵاو بۆتەوە. هەندێ کەسیش پێیان وایە کە (شکاک)ەکان پاشماوەی (سەکا)کانن کە لە ورمێ و دەور و بەریدا دەژین و خاکی کوردستانە.

خانیان

1. هۆزێکی کوردە لە (جزیر و بۆتان) کە شێخ موحەممەد مەردۆخی کوردستانی لە مێژووی (کورد و کوردستان) دا دەڵێ: لە دەوروبەری بایەزید دەژین. بڕوانە خانی لەسەرەوە؛ 2. خانیان گوندێکە لە ناوچەی شاسواری شیراز کە قسەکردنیان تێکەڵێکە لە کوردیی و گیلەکی؛ 3. گوندێکە لە ناوچەی مەراغە و کوردیی قسە دەکەن.

سەریاس

ناوچەیەکە لەلای پاوە کە ماوەیەک کردبوویانە ئوردووگا بۆ کوردەئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

جابێ

سووکەڵە نێوی جابر.

ڕواندز

رواندژ؛ رواندز لە دوو وشەی لێکدراو واتە (روان) و (دز یان دژ) پێکهاتووە و چەندین مانای هەیە، یەکەم: رووان واتە: چۆمان، چەند چەم و دژیش واتە قەڵا و رواندز یانێ: قەڵای نێوان دوو رۆبار؛ دووهەم: روان: واتە شینبوون و جێگەی ژیان و دزیش واتە قەڵا و رواندز یانێ: قەڵای ژیان؛ سێهەم: روان، واتە: رەوەندی و دزیش واتە دژ و رواندز واتە: جێگا یان شوێنەمێنگەی رەوەندیانی کورد کە لەو کاتەدا گەرمیان و کوێستانیان کردووە و رواندزیان ئاوەدان کردۆتەوە و زستانان لەوێدا ماونەتەوە؛ چوارەم: روان، واتە: ئاوەڵا و لەسەرپشت و دزیش واتە قەڵا و روواندزیش واتە: قەڵای بێ دەرگا و شوورە، چونکە جێگاکەی بەرز و سەخت و لە لێوارەی چۆمدا بووە و پێویستی بە دیوار یان شوورە نەبووە!

سندی

نێوی هۆزێکی کوردە لە لای شاری مووسڵ لە باشووری کوردستان.

ئەرنەواز

نێوی تیرەیەکی کوردە لە باکووری کوردستان.

زێوێ

1. زێوە، گوندێکە لە بناری چیای پیرەمەگروون؛ 2. زێویە: گوندێکە لەلای سەقز کە شوێنەواری کەونارای زۆری سەردەمی مادەکانی لێ دیتراوەتەوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!