باشیک
1. ماڵی پیرۆز؛ 2. جێگای خۆشەویستیی؛ 3. شوێنی پیرۆزی ئایینی ئیزەدییەکان؛ 4. شارۆچکەیێکی کۆنی کوردستانە، کە دوو عەشیرەتی (باشیک و بازان) ی تێدا دەژین، یان ئەو دوو هۆزە ئاوەدانیان کردۆتەوە، باشیک دەکەوێتە 25 کیلۆمیتری خۆرهەڵاتی شاری (مووسڵ) ەوە، کە کوردی ئیزیدی و گۆران و شەبەک و هەندێک ئاسووری تێدا دەژی. ئەو شارە مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی هەیە کە لە درێژەی دێریکی کوردستاندا هەر لەبەردەم هێرشی تاتار و مەغۆل و عوسمانییەکاندا بووە و زەرەری زۆری وێکەوتووە و چەندین جار لەبەر ئایینەکەیان قەڵاچۆ کراون؛ باشیک شوێنێکی ئایینی پیرۆزە بۆ ئیزەدییەکان و چەندین زیارەتگا و نەزرگای کۆنی تێدایە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەر لە لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسێح؛ حکوومەتی بەعسی گۆڕبەگۆڕی فاشیست زۆر هەوڵی دا کە بیکا بە عەرەبنشین و نێوەکەی گۆڕیبوو بۆ (بعشیقه)، بەڵام باش بوو لە بەر هاتنی ئامریکا بۆ ئێراق، بۆی نەکرا و ئەو ناوچەیە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کورد.
ئەترەش
زراو، زاڵە. (کە چاوم پێکەوت لە ترسا ئەترەشم پەڕی).
سێونگ
1. سێوەنگ، رەشی جووان؛ 2. نێوی گوندێکە لە ناوچەی شارباژێڕ لە باشووری کوردستان.
هەسنا
نێوی هۆزێکی کوردە لە جزیر و بۆتان لە کوردستان.
شلێر
گیایەکە زیاتر لە کوێستانان شین دەبێ و دووجار سێ جار بە بەژن و تەپڵی سەریدا هەڵدەچێ و گوڵەکەی سووری ئاڵ یان زەردی پیاڵەئاسای سەرەونخوونە کە وەکوو زەنگۆڵە پێدا شۆڕ دەبێتەوە؛ هەم دەشتە هەم ناوچەیەکە لە باشووری کوردستان، کە بە شاری (بانە) وە نزیکە.
واژە
1. وژە، وشە، پەیڤ، گوتە، قسە؛ 2. دەنگی گەڵای داران لەبر با؛ 3. گوندێکە لە ناوچەی شارباژێر لە باشووری کوردستان.
دڵمان
رهنجان، دڵێشان.
بادل
دڵخواز، بە خواستی دڵ، بە دڵی خۆ.
کەیان
1. مەزنان، سەروەران؛ 2. پاشایانی گەورە و زۆردار؛ 3. جۆرێک چادری خڕی گومبەزوێنەیە کە بە کۆڵەکەیەک هەڵدەدرێ و لە نێو عەجەماندا بە خێوەتی کوردیی یان خێوەتی کوردان بەنێوبانگە.
شاناو
نێوی بەرز و پڕئاوازە، نێوی شاهانە.