گوڵخواز

جووانویست، کەسێک کە حەزی لە شتی وێنەی گوڵە.

موکری

1. موکوڕ، مکووڕ، خەستۆ؛ 2. بوێر، نەترس و ئازا؛ 3. خەڵکی سەرسەخت و یاخی؛ 4. چیانشین؛ 5. نێوی هۆزی موکرییە لە موکوریان کە داگری چەندین شار و ناوچەیە. دوای ئەوەی کە شاری کۆنی ئادریاس، لە نزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لەسەر تەپکی مەحموود خان، دانیشتوانی رووی لە کەمی کرد، شارۆچکەیەک ساز بووە بە نێوی مەکران، کە وشەی موکوریان لەو وەرگیراوە. شارۆچکەی مەکران، بەگەورەیی و گرنگی دوو شار چێری و ئادریاس نەبووە، ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هەندێ شتی ئەنتیکەیە کە وەدەست کەوتووە. نزیکەی چووارسەد ساڵی بەر لە زەمانی سەفەوییەکان، شاری سابڵاغ (ساوجبڵاغ)، کە وشەیەکی تورکیە و واتە: کانیسارد، ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لەناو چوو. سەفەوییەکان هەرچەند بە بنەڕەت کورد بوونە، بەڵام زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی برادۆست و موکوریانییان سەرکوت کردووە و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوونە. هۆزی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک نزیک قاراوی مەنگوڕ، لەسەرمان قڕیان هاتووە و ئێستا بەو کێوە دەڵێن: موکریقڕان. بۆ موکوریانیش مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ: موکوریان لە بنەڕەتدا موغریان بووە کە گۆڕدراوە بە موکوریان واتە: رێگای موغەکان، یان ئاگرپەرستەکان. ئاترگەی شینر لە تیکاپ و پەرسگەی کەرەفتوو لەلای سەقز، کە هەموویان لە ناو خاکی کوردستان هەڵکەوتوون، جەختن بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم بەڵگەیە.

سەرگوڵ

گوڵی سەرووی گوڵان، گوڵی سەرپەڕ، گوڵی سەرکردە.

نارەوەن

ناروەن، دارێکە لە ڕەتەوەی گەزنە (گەسگەسک)، لقوپۆپ جووان و قەدڕەش، کە زۆر بتەوە و گەڵاکانیشی دگانەدارە و پڕن، بەر لەوەی گەڵاکانی بپشکوێ، گوڵ دەردەکا، بەڵام بەر نادا.

هانە

1. هانکە، کانی، سەرچاوە؛ 2. دنە، هان، هانەهانەی مەدە؛ 3. هەناسە، هانەم بڕیا ئەونە پفم پێدا کرد؛ 4. ئەوەتان، ئەوەتا، هانە ئەو ناوه ‌بۆ خۆیان کایە دەکەن.

واژاو

دابەشکردنی جۆگە بۆ ئاودێران، ئاودانی شیناوەرد پاش یەکەم ئاو.

چاوڕەش

چه‌م سیا، ئینسانی چه‌وڕه‌ش.

سابەرە

تەختەیەک کە دووداری بە بزمار لەیەک گرێ دەدا، یان رادەگرێ.

شالیار

1. شاریار، گەورەی شار، دەسەڵاتداری شار؛ 2. شایار، هاودەستی شا، ئاواڵ و دۆستی پاشا؛ 3. نێوی شاعیری گەورەی کوردی زەڕدەشتیی (پیر شالیار) ە، کە لە هەورامان ژیاوە لە کاتێکدا کە عەرەبەکان هێرشیان هێناوەتە سەر کوردستان.

کەبار

1. نۆبەرە، سەرەتای هەرشتێک وەکوو گەییشتنی میوە؛ 2. سەڵای مەلا لە بەیاندا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!