تیرکان
1. شەڕاشۆ، ئامادە بۆ شەڕ؛ 2. هۆزێکی کوردن لە باکووری کوردستان.
قەدیفە
1. پارچەی مەخمەڵ؛ 2. جۆرێک گوڵی سوور.
فەرسەند
دەرفەت، هەلی لەبار بۆ کارێک، کیس.
لاوک
1. گۆرانیی درێژ و کەون؛ 2. هەوای قەتارێکی کوردیی کۆنە؛ لاوک بە ناوەڕۆک شێوە و جۆری جیا لەیەکی هەیە کە باسی رووداوی حەماسی و راستەقینەی تێدایە. ئەم هەوایە لە لایەن گۆرانیبێژانی بەنێوبانگی وەکوو: کاووس ئاغا و حەسەن جزیریی و عارف جزیریی و حیسا بەرواریی و مریەم خان و هیدیکەوە گوتراوە و بەیتە کۆنەکان بە لاوک گوتراون. دیسان لاوک واتای کوڕ دەدا. بۆ نموونە لە زاراوەی کرمانجیدا دایک یان باوک ئەگەر بێژن دوو کوڕمان هەیە، دەڵێن: دوو لاوکێن مە هەنە. گزنفۆنی یۆنانیی کە ساڵی 401 ی بەر لە زایین، بە بانگهێشتنی کوورۆشی کوڕی داریووش هاتۆتە وڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە، لەکاتی گەڕانەوی 12000 سووارەکەیدا بۆ یۆنان، لە کوردستان 355 تا 430 ی زایینیی، تووشی شەڕ دەبن! گزنفۆن لە ئاناباز (گەڕانەوە) دا دەڵێ: (کاردۆخییەکان کە ویستیان هێرش بکەنە سەرمان، جۆرێک سروودی پڕجۆش و خرۆشیان دەگوت کە ریتم و میزانی نەبوو!) بە پێی گوتەکانی گزنفۆن، ئەو سروودە پڕجۆش و خرۆشە دوور نییە هەر ئەو لاوکە بێ کە ئەمڕۆ لە کوردستان ماوەتەوە و ریتمی نییە و ئازاد دەگوترێ!
ماکوان
شاخێکی بەرزە لە باشووری کوردستان.
کەما
گیایەکی بەرزی گەڵادەرزییە کە ئاژەڵ دەیخوا و لەگەڵ گیای دیکە وشک دەکرێ و زستان دەدرێ بە ماڵات.
گەواڵە
پەڵەی هەور، هەوری گەواڵ گەواڵە.
شوشمێ
1. تاڤگە، ئاوهەڵدێر؛ 2. گوندێکە لە نزیک شارۆچکەی نەوسوو، لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان .
بندین
تەختی چۆم و رۆبار، بنی چەم، کەفی رۆخانە.
شاشیک
مێزەرە، کڵاودەسماڵی ژنانە.