بارێژە

با و باران پێکەوە، ئەو بارانەی کە بە باوە ببارێ. سەیری بارێزه بکە..

بەهار

وەهار، وەرزی پاش زستان، سێ مانگی یەکەم وەرزی ساڵ، لە ئاخری زستانەوە تا هاوین.

سوورەساو

سێفەسوورە، سێوی سۆر.

ئانگارێس

نێوی بەیتبێژێکی سەردەمی مادەکان بووە کە بەیتبێژی دیوەخانی ئەژدەهاک بووە، ئانگارێس بە بەیت، ئەژدەهاکی لە هاتنی کوورش بۆ گرتنی وڵاتی ماد ئاگادار کردووە؛ ماری بۆییس خانم لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورە)دا نێوی هێناوە؛ بەڵام لە کۆپەڕی (کورد و دێرۆکە تاڵانکراوەکەی)، کە حەمە سدێق میرزا نووسیویەتی، هاتووە کە: ژنێک ئەژدەهاکی لەم کارەساتە، واتە لەشکرکێشی کوورش بۆ سەر وڵاتی ماد ئاگادار کردووە، جا نازانم ئانگارێس نێوی ژنانەیە یان پیاوانە! چونکە بۆ (نەکیسا)یش، نووسەرانی فارس دەڵێن: نەکیسا نێوی ژنانەیە! (نەکیسا) یەکێ لە مۆسیقازان و بەیتبێژە کوردەکانی سەردەمی ساسانییەکان بووە و هاوچەرخی (باربەت)ی فارس بووە کە پێکەوە بە بەیت لە بارەگای ساسانییەکاندا شەڕە گۆرانییان کردووه و ئێستاش ئەو نەرێتە هەر لەناو کورددا، واتە: شەڕەگۆرانیی هەر ماوە و لە کۆندا لە دیوەخانی ئاغا و بەگەکانی کورددا هەبووە‌. بڕوانە بۆ (هۆنیا) لە بەشی کچان.

شۆڕش

راسان و راپەڕینی بەکۆمەڵ بۆ ئازادیی و مافی ژیان.

سەگرمە

سەرەتای بەرەی شەڕ، ئەو شوێنەی کە سەنگەر دەگیردرێ؛ 2. نێوی شاخێکە لە ناوچەی کۆیە لە کوردستانی باشوور؛ 3. چیایی سەخت و چڕوپڕ.

تۆڵاش

تۆڵاشەدار، پارچە و کەرت و کوتی دارێک کە بە ترێشتە دادەتراشێ.

دلاوەر

خاوەندڵ، گورد، پاڵەوان. ئەم نێوە وشەیەکی هاوبەشی کوردیی و فارسییە و لە هەولێر و رواندز و کۆیە مشەیە.

ئیلان

ئیلان پاشگر بۆ بچووککردنەوە، وەکوو: بابیلان، گردیلان.

جەوێ

ئه‌م نێوه‌ له‌ حه‌یرانێکی کوردیدا که‌ (مشکۆ)ی گۆرانیبێژ گوتوویه‌تی هاتووه‌.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!