ئاترسام

نێوی كچی یه‌زگردی ساسانی بووه‌.

کۆبین

دیتنی هەموو شتێک پێکەوە. ئەم نێوە، نێوێکی تازەیە کە دایکان و باوکان بە زەوقی خۆیان درووستیان کردووە و لە دوو وشەی (کۆ) بە واتای: هەموو شتێک پێکەوە و (بین) بە واتای دیتن، کە پێکەوە دەبێتە: (بینینی هەموو شتێک پێکەوە) ساز کراوە.

هۆرە

1. دەوروبەر؛ 2. پووازی ئەستوور بۆ قەڵشوێهاتنی دارێ کە بە تەور دەیشکێنن؛ 3. سەیرانگا؛ 4. جێگای زۆر بەرز؛ 5. سۆز و نارەنار؛ 6. کەلام یان سروودی ئایینیی ئەلحەق (یارسان)ەکان، پەیوەندیدار بە سەردەمی زەڕدەشت کە هەوایەکی کۆنە و لە مەراسم و ستایش و نیایشی ئایینییدا گوتراوە! هۆرە یەکجار کۆنە و بە زاراوەی کەڵوڕی و جافی دەگوترێ، هەم بە پێی ناوەکەی و هەمیش بە پێی مێلۆدییەکە، کە لە نێوان ئەلحەقەکاندا باوە و دەیچڕن، وا دەردەکەوێ کە هەر ئەو هەوا کۆنە بێ کە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا لە مەراسم و ستایشی ئایینییدا گوتراوه و لە کارنەمەی ئەردەشێری پاپەکاندا بە لحن اورامی (ئاوازی هەورامی) ناسراوە‌. هۆرە زۆرتر بە بێ مۆسیقا دگوترێ، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ تەمبوور و بلوێریش گوتراوە! ئەم هەوایە وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕیتم و میزانی نییە و لە گوتندا ئازادە و بە دەنگی پچڕپچڕ دەگوترێ. هۆرە زۆرتر بە قوڕگ دەگوترێ و هۆرەبێژ، دەستێکی یان هەردوو دەستی لە پشت گوێ دەنێ و هەواکەی پێ دەچڕێ! لە باری زانستی مۆسیقاوە یەک پەردەیە و ئەگەر لە سۆلەوە دەست پێ بکا، هەر بە سۆل کۆتایی پێدێ! وشەی (هۆرە) لەبەر ئەوەی کە بۆ ستایشی ئەهوورامەزدا گوتراوە، لە واژەی (ئەهوورا) وەرگیراوە و هەر بەو شێوەیەی کە لە کۆندا گوتراوە، لەناو پەیرەوانی ئایینی یارساندا دەگوترێتەوە. هۆرە لەکاتی مردنی کەسێک، یان ڕوودانی کارەساتێک، بە هەوایەکی زۆر خەمگین دەگوترێ. شیعرەکانی هۆرە لە کۆندا هەڵگری گوتە پیرۆز و ئاسمانییەکانی ئاوێستا بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەناو کورددا جێگەی گرتووە، هۆرە لە لایەن دەروێش و سۆفییەکانی کوردستانەوە شێوەی ئایینیی گرتۆتە خۆی و بە هۆنراوەی عیرفانییش دەگوترێ. بێژگە لەمەش بە شیعری دڵدارییش دەگوترێ و هۆرە بەگشتیی، هەم لە شایی، هەمیش لەپرسەدا دەیچڕن. هۆرە وەکوو گاتاکان، بە شیعری بیست بڕگەیی دەخوێنرێ. هۆرە لە ناوچەکانی گۆران، سەنجابی، قەڵخانیی، زەهاو، خانەقین و کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا باوە و دەگوترێ. هۆرە ئەوەندە بەسۆزە کە لەو ناوچانە (کزە) شی پێدەڵێن! هۆرە بەیانگەری داستانگەلی عاشقی و حەماسی و قارەمانانەیە و بەنێوبانگترین و کۆنترین هۆرە، هۆرەی (عەزیز و تەکش) ە، کە داستانێکی حەماسییە! جۆرەکانی هۆرە بریتین لە: گوڵەخاک، لوڕیچڕ، سووارانە، قەڵوەزیچڕ، قاچاخچیچڕ، دوودەنگیی (دووقۆڵیی)، غەریبیچڕ، ئەکوەرخانیی، کڵاودڕ، یەکدەنگیی، ئەرکەوازیچڕ، هەی سووار هەی سووار، گڵەوەدەر، یۆسۆ کڵاوزەر، باندەسانیی، شاحوسێنیی، سارۆخانیی، جڵەوشایی، تەرز، مەجنوون، سەحەریی، باریە، دۆباڵا، غەریویی، بانبنەیی و پاموورەیی. دوو جۆری جیاوازی هۆرەشمان هەیە کە کۆنن، وەکوو: موور بۆ شیوەن و هەرا بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمن.

ئاراز

1. ئارائاس، ئاراس، فرمیسکی شادی؛ 2. یە‏کێ له ‏فەرماندە‏رەکانی مادی چکۆڵه؛ 3. یە‏کێ لە ‏پاڵە‏وانە‏کانی کوردی زەعفە‏رانلوو؛ چۆمی ئاراز، یان ئاراس، لە ناوچەی بینگۆڵ لە کوردستانی باکوورەوە سەرچاوە دەگرێ و 435 کیلۆمیتر بە ناو خاکی کوردستاندا دەڕوا و بە سنووری ناوەندی ئێران و ئازەرباییجاندا تێدەپەڕێ و دەڕژێتە زەریای قەزوێنەوە. درێژایی ئاراز دەگاتە 920 کیلۆمیتر. بڕوانە وشەی ئار. بۆ وەبیرهێنانەوە، زۆربەی زۆری ئاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە رێگای یەکاوی عارەبان (شط العرب)ەوە دەڕژێنە کەنداوی فارس/عەرەب، لە کوردستانی باکوور، لە شاری بینگۆڵ (بنگۆل)ەوە سەرچاوە دەگرێ.

کۆچەر

رەوەند، خێڵات، کوێستانگەڕ، ئەو خێڵانەی کە گەرمیان و کوێستان دەکەن.

شاسوار

1. گەورەسووار؛ 2. سوواری بەکار و چالاک؛ 3. سوواری بێوێنە.

ئاویار

ئاودەر، ئاودێر، کەسێک کە ئاوی زەوی و زار دەدا.

بێڵا

ئەنوا، باراننەگر، هەیوان.

چەپەک

1. گوند و خانووی دوور له‌ رێبازی گشتیی، که‌وێڵ و هه‌واری کل؛ 2. جۆگه‌ی پێچه‌ڵپێچ له‌ ته‌خته‌مه‌ره‌زه‌ی بڵند و نه‌ویدا؛ 3. که‌سێک که‌ به‌ ده‌ستی چه‌پ کار ده‌کا یان ده‌نووسێ؛ 4. گوند یا باخی دووره‌ ده‌ست و دوور له‌ سه‌ره‌ڕێ.

تیرگەران

گوندێکە لە باکووری شاری سنە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!