هەڤرس

هورس، وەرس، هەڤریست، هەڤریسک، عەرعەر، دارێکە وەک سنەوبەر، چەند جۆرە و لە خاکی شێداردا دەڕوێت کە لە گوڵ و لم پێک هاتبێت، هەروەها لە خاکی وشکی بەردەڵان و چەوریشدا کە بەردەوام هەتاو لێی بدات، دەڕوێت؛ هەڤرس بە تۆو و بە قەڵەم دەڕوێت و پاش ساڵێک ڕیشە دادەکوتێ. لە ناوچە ساردەکانی ئاسیا و ئورووپا و ئامریکا و ئامریکای باکووریی زۆرە و لە کوردستانیش لە ناوچە شاخاوییەکان زۆرە؛ جۆرەکانی ئەم دارە، هەمیشە سەرسەوز و بۆنخۆش و ستوونیی و قیتن، گەڵاکانی لە شێوەی دەرزین، بەرەکەی لەپێشدا سەوزە، بەڵام کە پێدەگات لە ترێ دەچێت، لە دۆژ مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا گوڵ دەکا، داری هەڤرس لە درووستکردنی تەختەی شوورە و پەرژین و هێڵی قەتاری ڕێئاسندا کەڵکی لێوەردەگرێت، هەڤرسی وا هەیە کە 70 تا 100 پێ هەڵدەچێ، هەڤرسی واش هەیە کە 6 پێ زیاتر هەڵناچێ.

چینە

1. بڕاوێک له‌ میوه‌ی بێستان، 2. هه‌ڵگرتنی دانووله‌ به‌ ده‌ندووک، 3. ریزێک له‌ دیواری به‌قوڕ، 4. خۆ له‌ خاک و خۆڵ گه‌وزاندن.

هاوار

1. داد و فریاد، بانگ و هاوار؛ 2. بانگڕاهێشتن بۆ ئاریکاریی و رەهابوون لە تەنگانە؛ 3. ئاخ و داخ؛ 4. هانا بۆ کەسێ بردن؛ 5. نێوە بۆ دوو گۆڤاری کوردی، کە یەکەمیان (جەلادەت عالی بەدرخان) لە ساڵی 1932 ی زایینیدا دەریخست، کە بە تێکڕایی 57 ژمارەی لێ دەرچوو، دووهەمیان حافز مستەفا قازیی، ساڵی1971 ی زایینی لە بەغدا دەریخست، بەڵام دوای سێ ژمارە داخرا؛ 6. نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور، لە داوێنی چیای شنروێ کە کاکەیین.

بەرسیلە

پەسیرە، هاڵە، ترێی فەریک و نەگییشتوو.

مامەند

1. مێنەماڵ، مامەندە، نیشتەجێ، ماندەگار؛ 2. نێوی چیایەکی بڵندە لە پشت کێوی ناوزەنگ بەرانبەر بە نۆکان لە کوردستانی باشوور، کە کەوتۆتە دۆژ سنووری دەسکردی ئێران و ئێراق؛ 3. نێوی قسەخۆشێکی بەنێوبانگی ناوچەی موکوریانە کە خەڵکی شەختانە و نێوی (مامەندەگۆڵەی شەختان)ە.

ئەسپین

هۆرە، پوواز، دارۆکێکە دەخرێتە قەڵشی دارەوە تا وێک نەیێتەوە و بە تەور بیشکێنن.

واژەر

قسەکەر، نوێنەری کەسێک بۆ قسەکردن.

ئاڵئاڵ

گوڵێکی بۆنخۆشی سووره‌.

گورجی

1. چالاکیی؛ 2. بێدرەنگیی؛ 3. نێوی هۆزێکە لە کوردستان.

بەردیل

1. شت بەشت گۆڕینەوە، ماڵ بەماڵ گۆڕینەوه، ئاڵشتکردن؛ 2. شەکی بەر بەران‌.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!