ڕافینا
گوندێک بوو لە باشووری کوردستان، بەعسی وێرانیان کرد.
ئامباز
ئاوقەد، حاشاوڵ، چنگاوڵبوونی دوو ئینسان یان گیانلەبەر.
خرتێ
خرتهڵه، خرتۆڵ، خرتیله، خڕکۆک، خڕ و خرپن.
پیرۆت
1. ئەم نێوە لەناوچەی (مەنگوڕان و سوێسنایەتی و گەورکان) مشەمەرە و نازازنرێ یانێ چی؟! 2. شارێکە لە یۆگۆسلاوی؛ ئەگەر هەر کەسێک ئەو رۆمانەی کە (ئاناتۆڵ فرانس) نووسیویەتی و کاک موحەممەدی قازی وەریگێڕاوەتە سەر فارسی خوێندبێتەوە، دەزانێ چەند جار نێوی پیرۆت لەو رۆمانەدا هاتووە و بۆی دەردەکەوێ کە نێوی پیرۆت تەنیا لە نێو کورددا باو نییە و بەڵکوو لە ناو گەلانی دیکەشدا هەیە. دیارە نە تەنیا ئەم نێوە، بگرە زۆر نێوی دیکە هەیە کە بە ناو گەلانی دنیادا بڵاو بۆتەوە و هەر نەتەوەیەکیش بە شێوازی زمانی خۆی دەکاریان دەکا و دەیانبێژێت. من لەو باوەڕەدام ریشەی (پییەر Piere و پیرۆتPirot ) ئەوەندە لەیەک دوور نین و دەکرێ بڵێین لەیەک بنەماڵەن.
ئیلام
ئالام، ئەیلام، ئیلام: بە زاراوەی ئاوێستایی مادی، واتە جێگای هەڵاتنی خۆر. هەرێمێکە لە کوردستان کە یەکێ لە زێدە کۆنەکانی کورد بووە لە درێژەی مێژوودا؛ زمانی خەڵکی ئیلام زاراوەیێکە لە زمانی کوردی کە پێیدەگوترێ: کەلهوڕی یان لەکی، بەڵام لە راستیدا دەبێ بە زاراوەی ئیلامییەکان بڵێین: فەیلی یان پالەوی کۆن کە هەمان زاراوەی کەلهوڕییە و زمانی گاتاکانی زەڕدشتە؛ ئیلام لە کۆندا بەر لەوەی کە ببێ بە ئوستان پێی گوتراوە: پشتکۆ؛ ئیلام لە کۆندا دەوڵەتێکی گەورە بووە و پایتەختەکەی شووش بووە، ئەو دەوڵەتە لە سەردەمی خۆیدا داگری: خووزستان و لورستان و پشتکۆ و کێوەکانی بەختیاری بووە؛ سنووری دەوڵەتی ئیلام لە رۆژهەڵاتەوە رۆباری دیجلەوە بووە و لە رۆژاواوە ویلایەتی فارس یان شیراز، لە باکوورەوە شارەکانی بابل و هەمەدان و لە باشووریشەوە کەنداوی فارس و بووشار، شارە بەنێوبانگەکانیشی: شووش و ماداکتۆ و خایدالوو، خاڵدا، یان (خوڕەماوا)ی ئێستا بووە. خەڵکی ئیلام زمان و خەتی تایبەت بە خۆیان هەبووە و بتپەرست بوونە. مێژووی ئەم دەوڵەتە سێ سەردەم بووە: سەردەمی یەکەم، هاوسەردەمی سۆمەرییەکان و ئەکەدەکان، سەردەمی دووهەم، هاوسەردەمی بابلییەکان و سەردەمی سێهەمیش هاوسەردەمی ئاشووریەکان بوونە، بەڵام ساڵی 645 ی بەر لە زایین بە دەست ئاشوورییەکان دەوڵەتەکەیان هەڵدەوەشرێ؛ دوای ئەوە ئیلامییەکان کە بە لۆلۆییەکانیش نێوبراون، لەگەڵ مادەکان و تیرەکانی دیکەی کوردستان یەک دەگرن و لە ساڵی 580 ی بەر لە زایین ئاشوورییەکان لەناو دەبەن و دەوڵەتی ماد دادەمەرزێنن. .
بینا
زۆربین، چاوتیژ، پێچەوانەی نەبین.
پالمە
پاڵمە، جۆرێک گیایە لە شکڵی شنگ، بەڵام گەڵاپان.
ڕێسا
رێوشوێنی راهاتن، عورف و عادەت.
تاراک
1. کەمە یان چەمەرەی دەف؛ 2. هەڵوەدا و دوورکەوتە.
ڕامیار
1. شووانی پەز؛ 2. رەوکەوان، ئاگاداری رەوە ئەسپ؛ 3. سیاسەتزان.