کەڤی

1. ڕنوو، کڵێڵە، شاپە؛ 2. کەوانەی دەوری دەف و بێژنگ و هیدیکە؛ 3. جۆرێک گیایە؛ 4. کەدی، لەخۆگرتن؛ 5. لێوارەی دەفر؛ 6. قەراخ ئاو؛ 7. تەختی لەسەر دانیشتن.

هاشمە

بە زاراوەی زازاکی واتە: مانگی ئاسمان، هەیڤ.

پیرسان

1. پیر لە زمانی کوردیدا چەندین مانای هەیە: الف. پیری بەساڵاچوو؛ ب. گۆڕ، گڵکۆ؛ ت. پێشوازییکردن، بە پیرییەوەچوون؛ پیرسان لێرەدا واتە: سوڵتانی پیران، سوڵتانی چاکان؛ 2. نێوی گڵکۆی یەکێک لە پیرانی تەریقەتی سۆفیگەرییە لە ناوچەی جزیر لە کوردستان.

دەستگر

1. پیر و دەسگیری تەریقەت؛ 2. دەزگیران؛ 3. پەڕۆی شتی گەرم پێگرتن؛ 4. وردەواڵەی چەرچی؛ 5. شتی دەسوپاگیر.

نازلی

لە دوو وشەی هاوبەشی کوردیی فارسیی (ناز) و پاشگری تورکی (لی) پێکهاتووە، کە واتای ناز دیارە و پاشگری (لی) ش واتای بەستنەوە و گرێدان دەدا، واتە ئەهلی ناز، وەکوو: دیاربەکرلی، واتە: خەڵکی دیاربەکر و نازلیش واتە: نازدار و نازەنین؛ نازلی سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

سەراس

1. ناوازە؛ 2. تایبەتی.

گەنجە

1. گاڵتە و گەپ؛ 2. ژووری رسق و کەلوپەل.

سەرناس

1. بەدەنگ و نێو؛ 2. بەڕێز لەناو خەڵکدا؛ 3. ناسراو.

شیلان

جۆرێک موورووی وردی سوورە؛ 2. دلێق، جلێق، بەری دارێکی سووری بتەوی دڕکاوییە، کە شەش گەز هەڵدەچێ و گوڵی زەردی تۆپ و پڕ دەکا و بەری سووری ورد و خرت و شیرین و بەچێژ دەگرێ، لە شێوەی سرینچک (سنجوو)، کە دەخورێ و بۆ دەرمانیش بەکار دێ.

زریان

1. بای باشوور؛ 2. بەفر و بای زەمەن لە کاتی زستاندا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!