ئادیابن

له‌ کۆندا‌ له‌ سه‌رده‌می ماده‌کانه‌وه‌ هه‌تا سه‌رده‌می ساسانییه‌کان، به‌و ناوچه‌یه‌ی گوتراوه‌ که‌ باژێره‌کانی زاخۆ و دهۆک و ئاکرێی گرتۆته‌ خۆی! بڕوانه‌ وشه‌ی ئاد.

گەزۆ

ئاونگی شیرینی دار، شیلەی دارگەزۆ.

چەمانە

سوراحی، پیاڵه‌ی شه‌راو.

دڵخۆش

که‌سێک که‌ ژیانی باش و ئاسووده‌ی هه‌بێ.

ئاویه‌ر

کێوی ئاوه‌زا، چیایه‌ک که‌ کانیی زۆری هه‌بێ، کێوێکه‌ به‌رانبه‌ر به‌ شاری سنه‌ و جێگای سه‌یرانی خه‌ڵکی شاره‌که‌یه‌.

هەزارە

1. هاتوچۆی کەروێشک لەسەر بەفر؛ 2. بەردی قیتی لێوارەی حەوز؛ 3. لێوارەی تاقی ناو دیوار؛ 4. خەوزڕان و خەیاڵاتکردنی ناو جێگە؛ 5. بیرەوەریی هەزاران ساڵەی مردن یان لە دایکبوونی ئینسانی بەنێوبانگ. وەکوو (هەزارەی سەلاحەددینی ئەیوبی)

پێڵوو

پەڵکی چاو، پێڵووی چەم، پێڵی چاو.

ماد

نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!

کاری

1. کاریگەر و کارتێکەر، قووڵ و بڕێنەر، وەکوو برینەکەی زۆر کارییە‌؛ 2. بەکار، بەهێز، تێکۆشەر، ئازا لەکاردا.

گوارە

گۆشوارە، گوارەی گوێ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!