زارگوڵ
دەمی وێنەی گوڵ، ئاماژە بە ئینسانی گفت و لفت شیرین.
کۆشەنگ
کۆی شۆخ و شەنگ، شۆخ و شەنگی هەمووی پێکەوە، ئاماژە بە کیژ یان کوڕێک کە هەموو رانەیەکی جوانی و لەباربوونی تێدا کۆ بووبێتەوە. بڕوانە کۆڕەنگ و کۆدەنگ.
شۆڕش
راسان و راپەڕینی بەکۆمەڵ بۆ ئازادیی و مافی ژیان.
ژیلەوەر
ژینەوەر، زیندەوەر، گیاندار.
ئەوگار
1. ماندوو؛ 2. پەرێشان؛ 3. پێکراو، بریندار، ئەنگاوتە؛ ئەم وشەیە ئاوەڵنێو (سفەت)ە، وشەیەکی کۆنی مادییە و لە فارسیدا (افگار) دەخوێنرێتەوە و شاعیرە کالاسیکەکانیش لە شیعردا بە فیگار نووسیویانە.
ماردین
1. رەنگی سووری تۆخ؛ 2. لە تیرەی ماد. بڕوانە مارد؛ 3. نێوی شارێکی کوردنشینە لە کوردستانی باکوور لە نێوان دیاربەکر و نوسێبین، کە کوردەکانی ئەوێ بە مێردین نێوی دێنن. لە کۆندا بە (ماردوون)یش نێوبراوە؛ بڕوانە مارد لە بەشی کوڕان لە سەرەوە. لە فەرهەنگی (دێهخودا) ی فارسیدا هاتووە کە: قەڵایەکە بەسەر چیای (جزیر) ەوە کە دەڕوانێ بە سەر (بەردەنیسەر! و دارا و نوسێبین) دا و ماردین یەکێ لە شارەکانی کوردستانە کە لە داوێنی چیای قەرجداخدا هەڵکەوتووە؛ بە پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان، کە هۆزێکی کورد بوونە، گوتوویانە: ماریا، هەندێ زانا دەڵێن: شاری ماردین شوێنێ ئەم هۆزە بووە و لە بنەڕەتدا نێوی شاری ماردین، ماریادین بووە و بەر لە هاتنی ئیسلام، لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا بنیات نراوە. بەڵام عەباسییەکان لە 279 ی کۆچییدا پەلاماری دەدەن و وێرانی دەکەن. یاقووت الحموی دەڵێ: احمد بن مروان دوای ئەوەی کە بە سەر حەمدان بن حەمدوونی حاکمی ماردیندا سەردەکەوێ، ساڵی 440 ی کۆچیی ئەم قەڵایەی لە سەرڕا ئاوەدان کردۆتەوە.
بەرات
1. مزەی وەرزی رەنجبەر؛ 2. مووچەی هەمیشەیی؛ 3. رسق و رۆزی بەشکردن؛ 4. نووسراوەیەک کە بە هۆی ئەوەوە پەرداختی پووڵ یان پارەیەک دەدرێ بە کەسێکی دیکە.
وارگە
1. هەوارگە، جێگەی ژیانی هاوینانەی کۆچەران و گوندییان؛ 2. بارگە، بارگەی سەفەر.
خۆشڕوو
رووخۆش، گفتولفت شیرین.
دیار
1. لەبەرچاو، ئاشکرا؛ 2. لا، تەنیشت؛ 3. سەر و سیما؛ 4. کەس و کار؛ 5. نیشتمان.