ڕۆشنا

1. رۆشن، رووناک، (بە رۆژ رۆشنا کوشتی و هەڵات)؛ 2. دواوشەی وشەدوانەی (ئاشنا و رۆشنا).

مهاباد

وشەی (ماەئاباد)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا، نێوی کۆنی (نەهاوەند) بووە کە (ماەدینار) یشیان پێگوتووە! لە زاراوەی پالەوی کۆندا، واتە ئەو زاراوەیەی کە کوردانی کەلهوڕ یان کەڵوڕ قسەی پێدەکەن، بە (شار) گوتوویانە: (ماه). عەرەبیش ئەم وشەیەی کردووە بە مەدینە! لە زمانی پالەوی ئەوێستاییشدا بە شار گوتوویانە: ماه، هەر لەبەرئەمە بە (نەهاوەند) گوتوویانە: ماەبەسرە و بە (دینەوەر) یش ماەکووفە! عەرەبیش بە هەر دووکی گوتوون: ماهان! لە کۆندا واتە لە سەردەمی ساسانییەکان بە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و دینەوەر و نەهاوەند و پێشکۆ، گوتوویانە: وڵاتی ماە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوە، پاشماوەی وشەی (ماد) و (مای) کۆنە کە ناوەندی وڵاتی ماد یان ئیمپەراتووریەتی ماد بووە. مەبەستیش لە (ماەکووفە)، دینەوەر و کرماشان بووە، تا هەڵوان، (ماەبەسرە)ش، نەهاوەند بووە هەتا دەگاتە (سیمەرە) لە ناوچەی لوڕستان. بە شوێنەمێنگە و ژینگەی مادەکانیشیان گوتووە: وڵاتی (ماد)، یان (مای). بە نەهاوەندیشیان گوتووە: ماەدینار. وشەی (ماە)، وشەی ئاڵشتکراوی (ماد)ە، کە نێوی تیرەی وڵاتی ڕۆژاوای ئێرانە. لە کۆپەڕەکەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئەم وشەیە هەر هەمان وشەی کۆنی (مادیک) یان (ماد)ە کە لە زاراوەی کوردی پالەوی یان کەڵوڕیدا بە ماە نێوی هاتووە. لە کۆپەڕی مێژوونووسان و جوغرافیزانانی ئێرانیی و عەرەبیشدا نێوی ماە هاتووە و لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) یشدا کە لە پالەوییەوە کراوە بە فارسی، زۆر جار نێوی ماە هاتووە، چونکە وەیس کچی شاقاڕن و شاژنی شارۆ و خوشکی وەیرۆ و ژنی شامۆبد و خەڵکی وڵاتی ماد بووە، شاقاڕنیش پاشای وڵاتی ماد بووە. قازی ئەحمەد لە زمانی تۆفیق وەهبی کوردناسی زاناوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (مادەکان بەرەبەرە، لەگەڵ کوردەکان خزمایەتییان کرد و تێکەڵ بوون، جا کوردەکانی ئیمڕۆ، بەرهەمی ئەو پێوەندییەن.) دوایە دەڵێ: {نێوی ماد بە شێوەی (ماس) یان (ماسی) یا مەهاباد (ماەئاباد)، لە نووسراوە و سەنەد و بەڵگە مێژوویی یەکاندا هەروا مابووەوە.)؛ قازی ئەحمەد دەڵێ: وەختێ من چیرۆکی دڵداریی (وەیس و ڕامین) م کە بەرەبەری ساڵی (446) ی کۆچیی فەخرەدین ئەسعەدی گورگانیی لە زمانی پالەوییەوە بە شیعر کردوویە بە فارسیی، دەخوێندەوە، لە چەند جێگا نێوی (وڵاتی ماە) یا (ماەئاباد)م وەبەرچاو هات کە بۆ وەڕاستگەڕانی قسەی تۆفیق وەهبی دەکرێ وەک بەڵگەیەکی پتەو ئاماژەی پێبکرێ؛ (وڵاتی ماە)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا بە ناوچەی ڕۆژاوا و شیمالی ڕۆژاوای ئێران و ئاران و ئەرمەنستان دەگوترا کە پاتەختەکەی هەمەدان بووە و ئەم هەرێمە لە مێژوودا هەر ئەو مەڵبەندی مادە}؛ مەهاباد: نێوی پێغەمبەرێک بووە کە بەر لە زەڕدەشت هاتووە و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ لە دایک بووە؛ وشەی (ماد) لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدراوە بە (مای) و پاشان بوە بە (ماه).

پاڵنگان

پاڵەنگان، پڵنگان، گوندێکی کۆنە لە ناوچەی سنە سەر بە هەورامان. بڕوانە پاڵەوان. نێوی پاڵنگان و ئەسپەرێز و چەمچەماڵ لەگەڵ نێوی زۆر گوندی دیکە کە ئێستاش لە کوردستان ماون، لە گاتاکانی زەڕدەشتدا هاتوون.

حەلیم

1. له‌سه‌ره‌خۆ، به‌تاقه‌ت، هێمن و هێور؛ 2. چێشتی که‌شکه‌ک؛ 3. خواردنی حه‌لیم که‌ له‌ گه‌نمی کوڵاو و گۆشت درووست ده‌کرێ؛ 4. نێوێکی ژنانه‌یه‌.

سوێسن

1. سۆسن، سوێسنە، سۆسەن، گیایەکە دوو سێ گەڵای بەقەد قامکێک هەیە و گوڵێکی وەک قووچەکەی زەنگۆڵەوێنەی بە سەرەوە دێتەدەر بەهاران لە بن نوواڵەبەفران شین دەبێ و دێتە دەر، تەمەنی کورتە؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە بە زاراوەی کرمانجی.

بەدەق

1. شەق و تورت و لەگەشە؛ 2. ساق و بەدەماخ؛ 3. کوتاڵی کەتیراویی.

باوێر

باوێرە، شوێنێ کە با نەتوانێ لێی بدا، یان زەفەری پێ ببا.

شابست

بستی نێوان تەوەرە و پەڕەی ئاش.

ڤارتۆ

شارۆچکەیەکە لە کوردستانی باکوور.

ئاوەژێ

1 ئاوەزێ، شوێنی زەق و زنە؛ 2. گوندێکە لە نزیک گوندی مەرگە لە باشووری کوردستان .

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!