شیشان

1. بە پەلە خەریکی کارێ بوون؛ 2. نێوی جۆرێک گیایە‌؛ 3. تیرەیەکی بچووکن لە داوێنی چیای قەراخ دەژین لە ناوچەی سلێمانی.

تۆشە

تۆشەبەرە، توێشە، توێشوو، زاد، زەواد، بژیوی سەفەر، ئەو خۆراک و پێخۆرەی کە کاروانچی و رێبوار لەگەڵ خۆی لە سەفەردا دەیبەستێتە پشت و هەڵیدەگرێ بۆ ناو رێگە.

ئەژدەهاک

1. نێوی کێوێکە لە ناوچەی هەورامان لە پشت گوندی دزڵییەوە، له ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 2. نێوی کێوێکە لە ناوچەی سلێمانی نزیک بە سوورداش لە کوردستانی باشوور؛ 3. ئاستیاگ، ئازیدهاک، ئەژدەها، زەها، هەژدیها، حەزیا، ماری گەورەی ناو چیرۆکان، حەفی؛ 4. لە راستیدا، ئەژدەهاک یان ئاژدەهاک لە دوو وشەی (ئاژ و دەهاک) پێکهاتووە کە (ئاژ) واتە: ئاغا، زۆردار، سەرۆک و (دەهاک)یش واتە: شوێن یان جێگە و مێنگەی تیرە و هۆز. بڕوانە: دەهاک لە بەشی کوڕان. بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیەی کە لە ناو کورددا دەمێکە بڵاوە و دەڵێن: ئەژدەهاک حاکمێکی زاڵم و خوێنڕێژ بووە و چی و چی... (ئەحمەد شاملوو) شاعیری پایەبەرزی فارس دەڵێ: ئەژدەهاک (زوحاک) پاشایەکی عادڵ و خێرانکار بووە کە زەوینەداگیرکراوەکانی بە سەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازدا دابەشیوە و زۆر کاری دیکەی لەم بابەتانە بەڵام بە دەستی (شاوان بێمێشک) ێک بە نێوی (کاوە) لە دەسەڵات کەوتووە و (فەرەیدوون)ی لە جێگەی داناوە و پاشایەتی هاتۆتە گۆڕێ! هێرۆدۆت دەڵێ: ئاستیاز یان ئازیدهاک، یەکێ لە پاشاکانی ماد بووە و 33 ساڵ پاشایەتی کردووە. بڕوانە بۆ وشەگەلی (ماد) و (نەورۆز).

پەترۆسا

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

گوڵهەنار

گوڵی هەنار کە ڕەنگی سووری مەیلەو نارنجییە.

زۆراو

نێوی کوڕی رۆسەمی قارەمانی داستانی کوردیی (رۆسەم و زۆراو)ە. دوکتۆر عیمادەلدینی دەوڵەتشاهی کە خەڵکی کرماشان و پیاوێکی زانا بوو سەلماندوویەتی که رۆسەم و زۆراو کورد بوونە و چیرۆکەکەشیان چیرۆکێکی کۆنی کوردییە. بڕوانە بۆ زۆر.

بەرهەڤ

بەرهیڤ، ئامادەکردن، تەیار، لەسەریەک کۆکردن.

جەنگۆ

1. شەڕی بچووک؛ 2. هێمایە بە ئینسانی شەڕانشۆ.

هاولان

هاوهێلانە، هاوماڵ، هاوبەش.

کۆسان

1. کێفسان، کوێستان؛ 2. نێوی شارۆچکەیەکی کوردنشین بوو لە نێوان شاری کووت و شاری نەعمانییە کە بە دەستی حوکوومەتی بەعس، کوردەکانی ئاوارە کران و عەرەبیان هێنا جێگەیان. کووت و نەعمانییەش لە کۆندا کوردنشین بوون، بەڵام ئەوانیش بە دەستی حوکوومەتی بەعس کران بە عەرەبنشین. بڕوانە گۆسان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!