ئەسپین

هۆرە، پوواز، دارۆکێکە دەخرێتە قەڵشی دارەوە تا وێک نەیێتەوە و بە تەور بیشکێنن.

نەیری

1. لە گاتاکاندا وشەی (نەیر)، لە زەند و پازەندی کۆندا، مانای (ئاگر) دەدا؛ 2. نەیری واتە: لە تیرەی (ئاگرپەرستان)؛ 3. هەروەها نەیری واتە ئەو تیرەیەی کە ڕەزەوانن و ترێ ڕەنێو دێنن؛ 4. هەروەتر نێوی گۆڕەپانێکی پان و بەرینە لەلای سەرووی گوندی (سەبان)ەوە لە ناوچەی هەڵەبجە؛ 5. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری ناوچەی شارەزوورە؛ 6. نەهری یان نەیری ناوچەیەکە لە وڵاتی شەمدینان؛ 7. هەروەها تیرەیەک بوونە لە کورد کە لە کۆندا دوو ڕەتەوەی (سۆبار و گۆتۆ)یان لێکەوتۆتەوە؛ 8. مینۆرسسکی و توردانگین دەڵێن: ناوچەی (نەیری) یان (هۆبشکا)، بە شیو و دۆڵەکانی (بۆتان) گوتراوە کە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبووە؛ مەیجەرسۆن دەڵێ: ئەگەر تەماشایاکی سەردەمی گۆتییەکان بکەین، کە لە دۆژ سەدەکانی (12 و 15) ی بەر لە زایین ژیاون، دەبینین ئەم نەیریگەلە کە پێش میدییەکان کەوتبوون، لە کوردستانی ناوەڕاستدا ژیانێکی باشیان هەبووە و دەسەڵاتێکی وایان هەبووە کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی هاوسێکانیانەوە. هەر ئەم نەتەوەیە بوو کە لەپاشان نێوی گۆڕدرا و بوو بە (کورد)؛ وڵاتی نەیرییەکان لەو سەردەمەدا لە زەلیای ناوەڕاست لە ڕۆباری گەورەوە دەستی پێدەکرد هەتا سەرچاوەی ڕۆبارەکە. میدییەکان کە حوکوومەتەکەیان تێدا چوو، بەرەبەرە ڕوویان کردە ئەم شوێنە و ئاوەدانیان کردەوە.

کاشین

1. جۆرێک گەمەیە لە سەر بەفر؛ 2. زەویکێڵان.

پاڵنگان

پاڵەنگان، پڵنگان، گوندێکی کۆنە لە ناوچەی سنە سەر بە هەورامان. بڕوانە پاڵەوان. نێوی پاڵنگان و ئەسپەرێز و چەمچەماڵ لەگەڵ نێوی زۆر گوندی دیکە کە ئێستاش لە کوردستان ماون، لە گاتاکانی زەڕدەشتدا هاتوون.

هەیڤ

مانگی ئاسمان، مانگی ساڵ.

فرەهی

1. ئاسوودەیی؛ 2. هەرزانیی؛ 3. خۆشڕابوواردن.

بەفران

1. کۆی وشەی بەفر؛ 2. کاتی بەفر.

کۆشان

لە وشەی تێکۆشان وەرگیراوە، بەواتای تە‌قەلادان.

ئەژی

1. دەژی، نامرێ؛ 2. دەهێنێ، هەڵدەگرێ. وەکوو ئەوەندە پارە هەڵدەگرێ و بەو نرخە گران نییە؛ 3. نێوی (ئەژی گۆران)ی شاعری کوردی کوڕی مامۆستا (گۆران)ی شاعیری پایەبەرزی کورده.

نەکەرۆز

1. زۆرسارد؛ 2. سەخت و رووتەن. 3. چیایەکە لەلای بانە لە کوردستان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!