باڵشمە

چووارچێوەی دەرک و پەنجەرە.

مەزەدار

1. خوێنشیرین، جوان و زەریف؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییە.

شانۆ

سەکۆی شانۆگەری، شوێنی هونەرنواندنی شانۆکاران، نمایشی چیرۆک و داستان.

زمڕووت

گەوهەرێکی بەنرخی کەسکە.

لاوک

1. گۆرانیی درێژ و کەون؛ 2. هەوای قەتارێکی کوردیی کۆنە؛ لاوک بە ناوەڕۆک شێوە و جۆری جیا لەیەکی هەیە کە باسی رووداوی حەماسی و راستەقینەی تێدایە. ئەم هەوایە لە لایەن گۆرانیبێژانی بەنێوبانگی وەکوو: کاووس ئاغا و حەسەن جزیریی و عارف جزیریی و حیسا بەرواریی و مریەم خان و هیدیکەوە گوتراوە و بەیتە کۆنەکان بە لاوک گوتراون. دیسان لاوک واتای کوڕ دەدا. بۆ نموونە لە زاراوەی کرمانجیدا دایک یان باوک ئەگەر بێژن دوو کوڕمان هەیە، دەڵێن: دوو لاوکێن مە هەنە. گزنفۆنی یۆنانیی کە ساڵی 401 ی بەر لە زایین، بە بانگهێشتنی کوورۆشی کوڕی داریووش هاتۆتە وڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە، لەکاتی گەڕانەوی 12000 سووارەکەیدا بۆ یۆنان، لە کوردستان 355 تا 430 ی زایینیی، تووشی شەڕ دەبن! گزنفۆن لە ئاناباز (گەڕانەوە) دا دەڵێ: (کاردۆخییەکان کە ویستیان هێرش بکەنە سەرمان، جۆرێک سروودی پڕجۆش و خرۆشیان دەگوت کە ریتم و میزانی نەبوو!) بە پێی گوتەکانی گزنفۆن، ئەو سروودە پڕجۆش و خرۆشە دوور نییە هەر ئەو لاوکە‌ بێ کە ئەمڕۆ لە کوردستان ماوەتەوە و ریتمی نییە و ئازاد دەگوترێ!

باساک

گوندێکە لە بناری چیای کاژاو، لەلای بەرزنجە لە ناوچەی سلێمانی.

داشۆ

داشێ، براگەورە، وشەی دواندنی براگەورە.

کەیا

1. نازنێوی پیاوی بەدەسە‌ڵات، کوێخا؛ 2. کایە؛ 3. ژەندنی تراو، وەکوو مەشکەت کەیاندووە؟!

نەسرین

گوڵێکی پەڕەوردی بۆنخۆشی سپییە کە لە نێرگز دەکا.

هۆزانڤان

بەیتبێژ، گۆرانیبێژێک که هەم هۆنراوە دابنێ، هەم بە گۆرانیی بیچڕێ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!